دوای ئەوەی بڵاو كرایەوە لە هەولێر رێگریی لە نمایشی شانۆی "پیانۆ" كراوە، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری رای گەیاند، كێشەیەكیان هەبووە چارەسەریان كردووە و ئەمڕۆ نمایشەكە دەكرێت.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كرایەوە كە شانۆی "پیانۆ" نمایشكردنی لە هەولێر راگیراوە، پەیجی فەرمی شانۆی "پیانۆ" لە ئاگادارییەكدا دەڵێت، بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكی و لێكتێنەگەشتنی داوەتنامەكانی نمایشەوە كە لۆگۆی حكوومەتی هەرێم لە سەرەوەی پۆستەرەكە نەبوو، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری نمایشی شانۆیی "پیانۆ" راگیراوە.
لەبارەی راگرتنی شانۆكەوە "وشە" پێوەندیی بە ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیرییەوە كرد و ئەو رای گەیاند، بەشێك لە گرووپی شانۆكە ناوی وەزارەتی رۆشنبیریان لە پۆستەرەكە لابردبوو، لە كاتێكدا وەزارەت بەشێكە لە كارەكە.
بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، ئێستە كێشەكەیان چارەسەر كردووە و شانۆییەكە وەك ئەوەی بڵاو كراوەتەوە نمایش لە هەولێر دەست پێ دەكات.
ستافی شانۆیی "پیانۆ" داوای لێبوردن لە بینەرانی هەولێر دەكەن و دەڵێن، هیچ شتێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگتر نییە بۆ ئێمەی كورد، ئەوەی رووی دا هەڵەیەكی تەكنیكی و لێكتێنەگەیشتنی بێ مەبەست بووە.
ئاریان سەڵاحەدین گوتی، ئێمە ئاسانكاری دەكەین هەموو كارێكی هونەری لە تەواوی كوردستان نمایش بكرێت، بۆیە هەرگیز رێگە لە كاری شانۆیی و كاری هونەری ناكەین، بەڵام كێشەكە لە بەڕێوەبەرانی گرووپی شانۆ بووە، داوامان كردووە چارەسەری بكەن، ئێستە كە چارەسەریان كردووە، ئێمەش هاوكاریان دەبین و لە هەولێر پێشوازییان لێ دەكەین.
شانۆیی "پیانۆ" لە نووسین و دەرهێنانی شوان كەریمە، ماوەی چەند رۆژێك لە سلێمانی نمایش كرا، ئەمڕۆ شەمووش لە هەولێر نمایش دەست پێ دەكات.