بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان و شوفێران لە رووداوی هاتوچۆی سەخت، راگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی ئیستۆپیان نامێنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەوبانەكاندا دەستی كرد بە دروستكردنی كورتە رێیەك بۆ راگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، بۆ یەكەمجار لە رێگەكان بەشی سەلامەتی و وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دروست دەكرێت كە ئیستۆپیان نامێنێت.
ئەوەیش زانراوە ئەو هەنگاوە بۆ نەهێشتنی رووداوی هاوشێوەی ئەوەی كەسنەزانە، بۆیە لە سەرجەم ئەو رێگایانەی دێنە ناو شار، دەبێت ئەو شوێنە دروست دەكرێت و شوفێر بەبێ زیان ئۆتۆمبێلەكەی دەوەستێت.
بڕیاریشە وەك هەنگاوی یەكەم ئەو بەشەی لە رێگوی شەقڵاوە- كۆڕێ دروست بكرێت و ئێستە خەریكە تەواو دەبێت، لەگەڵ كردنەوەی ئەو رێگەیە، ئەو بەشەش دەخرێتە خزمەتی شوفێران.
رێگەی سەلامەتیی وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بریتییە لە دروستكردنی هەزار مەترێك لە رێگەی خۆڵ كە قووڵییەكەی نزیكەی پێنج مەترە، بە چوونی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆی راستەوخۆ دەوەستێت و تەنیا چەند مەترێك دەتوانێت بڕوات، بۆیە بەبێ هیچ زیانێك دەوەستێت.