جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند بۆ کۆچی دوایی برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، حەوتی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییەکی تەلەفۆنی لە شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێگەیشت.
لە پێوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برای گەورەی بنەماڵەی بارزانی دەربڕی.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێوەندیی و سەرەخۆشیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات دەربڕی.