ئەنجامی ڕاپرسییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێش هاوپەیمانییەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەوتووە و ڕکابەرییەکان توندتر بووە.
بنیامین نەتانیاهۆ، کە خاوەنی درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی وەزیرانە لە مێژووی ئیسرائیلدا، هیواخوازە لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەماندا (کنێسێت)، جارێکی تر متمانەی هاووڵاتییان بباتەوە و درێژە بە پۆستەکەی بدا.
ئەم ڕکابەرییە سیاسییە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە نەتانیاهۆ نزیکەی سێ ساڵی ڕابردووی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی جەنگێکی بەرفرەوان بووە لە چەند بەرەی جیاوازدا، لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس لە غەزە، حزبوڵا لە لبنان، و ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران.
ئامانجی سەرەکی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، کۆتاییهێنان بووە بەو ڕەوشەی کە بە "هەڕەشەی بوون" لەسەر ئایندە و ئاسایشی ئیسرائیل پێناسەی کردووە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، بڕیارە لە 27ـی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێت