بەمنزیكانە تیروپشك بۆ ناوی حاجیان دەكرێت

:: AM:09:36:08/09/2026 ‌
دوای تەواوبوونی تۆماركردنی ناو، بڕیارە لەم مانگە تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە بكرێت بەنیازی گەشتی حەجن بۆ سعوودیە.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئەیلوول، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عەمرە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمساڵ 116 هەزار هاووڵاتی ناویان بۆ  بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج پڕ كردووەتەوە.

گوتەبێژی حەج و عومرە زیاتر گوتی، لەو ژمارەیە بەپێی ناوی دیاریكراو كە هەرێمی كوردستان پشكی چەندە ناویان لە تیروپشكەكەدا دەردەچێت، دەتوانن گەشتی سعوودیە بكەن.

كاروان ستوونی دووپاتی كردەوە، ئەو كەسانەی لە ساڵی ڕابردوودا وەك یەدەگ ناویان گەڕابووەوە، بەپێی بڕیارێكی حكوومەت و فەرمانی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی، ناچنەوە ناو تیروپشك و ڕاستەوخۆ لەگەڵ كاروانی ساڵی 2027 گەشت دەكەن.

باسی لەوەش كرد، لەم مانگەدا تیروپشك بۆ ناوەكان دەكرێت و بەفەرمی بڵاو دەكرێتەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی فەریزەی حەج جێبەجێ‌ دەكەن.



وشە - رامیار جەواد