وتوێژی هەولێر و بەغدا لەبارەی چییە و بودجەی كوردستان چۆن دیاری كراوە؟

:: PM:01:55:09/09/2026 ‌
لە كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لە شاری بەغدا، راپۆرتێكی فەرمیی وردی پێشكەش كرا و تێیدا تەواوی شایستە و پێداویستییە داراییەكانی هەرێمی خستەڕوو، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027دا جێگیر بكرێن، لەوانە مووچە، دامەزراندن و بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران و پێویستی بودجەی كۆمەڵایەتی و هاوتاكردن.

بەپێ ئەو زانیارییانەی "وشە" لە سەرچاوەیەكی باڵا دەستی كەوتووە و تێدا هاتووە، شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ ئەنجام دا و وردەكاریی خەرجییە گشتییەكان، لیستی مووچە، بەرزكردنەوەی پلە، خانەنشینی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی خستەڕوو. كۆی گشتیی داواكارییەكان تایبەت بە خەرجییە كارپێكراوەكان، بە تەنیا گەیشتە 22 تریلیۆن دیناری عێراقی، ئەوەش جیا لە بودجەی وەبەرهێنان و پشكی هەرێم لە خەرجییە سیادی و حاكمییەكان.

بەپێی ئەو راپۆرتەی ئامادە كراوە تا لە بودجە جێگیر بكرێت، وردەكاریی ڕاپۆرتەكە و داتا داراییەكان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

- مووچەی فەرمانبەران و دامەزراندن 11 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ ساڵێك
هەرێمی كوردستان داوای تەرخانكردنی 11.7 تریلیۆن دینار دەكات بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بۆ ساڵی 2027، لە كاتێكدا پێشتر 9.5 تریلیۆن دینار بوو لە بودجەی 2025. راپۆرتەكە هۆكاری ئەو زیادبوونەی بۆ خستنەڕوو و جێبەجێكردنی شایستە یاسایی و وەزیفییەكان گەڕاندەوە، لەوانە عەلاوە و بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران، تەرخانكردنی 980 ملیار دینار بۆ دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی ڕاوەستاوەكان كە 12 ساڵە راگیراوە.

یەكسانكردنی مووچەی پێشمەرگە، تەرخانكردنی 450 ملیار دینار بۆ یەكسانكردنی 100%ی مووچە و دەرماڵەی هێزەكانی پێشمەرگە، زێرەڤانی و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن لەگەڵ هاوتاكانیان لە هێزە تەناهی و سەربازییە فیدراڵییەكاندا.

- دامەزراندنی نوێ بەپێی یاسا كارپێكراوەكان:
14.5 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 16 هەزار و 256 كەس لە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان، 80 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 12 هەزار كەس لە پزیشك و تەندروستكاران، هەروەها 43.2 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی چوار هەزار و 413 دەرچووی كۆلێژەكانی ددان و دەرمانسازی.

لە راپۆرتەكەدا ئەوەیش هاتووە، 21 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی هەزار و 424 پزیشكی دەرچووی كۆلێژەكانی پزیشكی گشتی دانراوە، هاوكات 12 ملیار دینار بۆ دامەزراندنی 800 هەڵگری بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) دانراوە، هەروەها تەرخانكردنی 112 ملیار دینار بۆ گەڕانەوەی حەوت هەزار و 474 فەرمانبەر بۆ سەر كارەكانیان كە مۆڵەتی بێ مووچەیان هەبووە.

- خانەنشینی و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی (6.1 تریلیون دینار)
داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە چاودێریی كۆمەڵایەتی لەو دۆسیەیەدا، بۆ 6.1 تریلیۆن دینار بەرز بووەوە، لە كاتێكدا پێشتر (3.2 تریلیۆن بووە لە 2025)، بەم شێوەیە دابەش بوون:

تریلیۆنێك دینار: بۆ دابینكردنی زیادكردنی مووچەی خانەنشینان بە بڕی 100 هەزار دینار، بۆ ئەوانەی مووچەكەیان لە یەك ملیۆن دینار كەمترە، بەپێی هەموارەكانی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی.

649 ملیار دینار: بۆ دابینكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەو كەسانەی لە ساڵانی 2026 و 2027 تازە دەچنە خانەنشینییەوە.

435 ملیار دینار: بۆ زیادكردنی مووچە و شایستەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان.

35.4 ملیار دینار: بۆ تەسویەكردنی شایستەكانی 13 هەزار و 614 خانەنشینی تازە كە لە ساڵی 2025ـەوە مووچەكانیان بۆ خەرج نەكراوە.

165 ملیار دینار: بۆ پشتگیریكردنی 58 هەزار خێزانی هەژار كە لە تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتیدا تۆمار كراون.

24 ملیار دینار: بۆ دابینكردنی مووچە و پێداویستییەكانی 13 هەزار و 130 كەسی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

- خەرجییە خزمەتگوزارییەكان (4.1 تریلیۆن دینار)
پڕۆژەكەی هەرێمی كوردستان بڕی 4.1 تریلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی خەرجیی كاڵا، خزمەتگوزاری و پێداویستییە كارپێكییەكانی فەرمانگەكان دیاری كردووە؛ كە گەورەترین پشكی بۆ كەرتی كارەبا تەرخان كراوە بۆ (كڕینی سووتەمەنی، نۆژەنكردنەوەی وێستگەكان، دابینكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا، دانەوەی قەرز و شایستەكانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا)، هەروەها بڕەكە دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان، پێداویستییەكانی خوێندن و خەرجیی خواردنی سزادراوان و نەخۆشە ڕاكێشراوەكانیش لەخۆ دەگرێت.

- بەخشین و یارمەتییە كۆمەڵایەتییەكان (708 ملیار دینار)
پڕۆژەكە بەرزكردنەوەی بڕگەی بەخشین و هاوكاریی حكوومی بۆ 708 ملیار دینار لەخۆ گرتووە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2025، 449 ملیار دینار بووە، هەروەها 200 ملیار دینار بۆ زیاتر لە 27 هەزار زیندانی سیاسی و قوربانیی چەكی كیمیایی تەرخان كراوە، لەگەڵ پشتگیریكردنی زانكۆ حكوومییەكان، دابینكردنی بودجەی بەرنامەكانی توێژینەوەی زانستی، هاوكاریكردنی ڕێكخراوە چالاكەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دابەش كراوە.




وشە - رامیار جەواد