بۆچی ئەمڕۆ لە سلێمانی خوێندن دەستی پێ نەكرد؟

:: PM:03:54:01/10/2016 ‌

هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو، بڕیاری دا پارەی مامۆستایان زیاد بكات، بەڵام مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەردوو كارگێڕیی گەرمیان و ڕاپەڕین و شاری هەڵەبجەیش بەردەوامن لە بایكۆتكردن.
 
بەیانی ئەمڕۆ شەموو 1ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، مامۆستایانی سنووری  پارێزگای سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن كرد و نەچوونە هۆڵەكانی وانە گوتنەوە، بەرپرسێكی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سلێمانیش دەڵێت، چاوەڕێین حكوومەت قسەی تری هەبێت.
 
بەرپرسێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كە ناوی لای "وشە" پارێزراوە، رای گەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگەی سلێمانی، بڕیاری داوە هیچ لێدوانێكی نەبێت لەبارەی ئەو هەڵوێستەی مامۆستایان و بایكۆتكرنی هۆڵەكانی خوێندن.
 
زیاتر روونی كردەوە، "كەناڵەكانی ڕاگەیاندن وایان كردووە دۆخەكە زیاتر ئاڵوز بێت، مامۆستاش بەوە بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەرجەم شوێنەكانی ئاگادار كردووەتەوە هیچ لێدوان و هەڵوێستێكیان لەسەر ناڕەزایەتی مامۆستایان نەبێت".
 
"هۆكاری دەست پێنەكردنی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ كەمی ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێتەوە كە حكوومەت بۆ مامۆستایانی زیاد كردووە و مامۆستایان ئەو پارەیان بەلاوە كەمە و پێی رازی نابن"، بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی وای گوت.
 
دووپاتی كردەوە، "سبەی پشووی فەرمییە، لە ڕۆژی دووشەم بەملاوە چاوەڕێ دەكەین ئەو دۆخە بە لایەكدا بكەوێت و حكوومەت لێدوانی تری هەبێت".
 
حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی 6 ملیار دیناری بۆ مامۆستایانی ناو شار و دەرەوەی شار زیاد كرد لە سەرووی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام مامۆستایانی سلێمانی بەو بڕە پارەیە رازی نەبوون.

وشە/سلێمانی- هۆشیار عەلی
پێداچوونەوە- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان