منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان لە ناو سەتڵێک ئاودا خنکا و پزیشکەکان ژیانیان بۆ گەڕاندەوە

:: PM:11:26:09/09/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم نۆی ئەیلوولی 2026، لە ڕووداوێکدا لە شارۆکەی کەلار، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان دوای ئەوەی لە ناو سەتڵێک ئاودا دەخنکێت، دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و پزیشکەکان لە دوایین ساتەکاندا دەتوانن ژیانی بۆ بگەڕێننەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە"، د. ڕەفیق قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، ڕاستیی ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕای گەیاند کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بە خنکاوی هێنراوەتە نەخۆشخانەکەیان، دوای ئەوەی کەوتبووە ناو سەتڵێک ئاوەوە خنکابوو.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دووپاتی کردەوە، دەستبەجێ تیمە پزیشکییەکان هەوڵەکانی خۆیان خستە گەڕ و خۆشبەختانە توانییان دوای ماوەیەک ژیانی بۆ بگەڕێننەوە و لە خنکان ڕزگاری بکەن، ئێستەش دۆخی تەندروستیی جێگیرە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە.


وشە - پۆڵا مەحموود