رێبوار قەناس یەكێكە لە گیراوانی لالەزار كە لەكاتی گرتنی سیناریۆی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تاوانەكەی بەرانبەر دەباشان پێ دووبارە كرایەوە، ئێستە بە گوتەی ژنەكەی ئەو لەژێر ئەشكەنجەدا تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی ئەیلوول، جارێكی تر دادگاییكردنی لاهوور تاڵەبانی و هاوەڵانی بەڕێوەچوو، گوتە لە شەش كەس وەرگیراوە كە یەكێك لەوانە رێبوار قەناس بووە، ئەو پێشتر گوتەكانی بە جۆرێك بوو، بەڵام ئەمڕۆ گوتەكانی گۆڕاون و دژی لاهوور تاڵەبانی بوون.
هەرچەندە تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی دووپات لەوە دەكەنەوە كە لەژێر گوشاردا ئەو گوتانەی پێ گۆڕاون، بەڵام ئەوەی زانیاری گرنگ بێت ئەوەیە كە لەناو دادبینییەكەدا، ژنەكەی ئاشكرای كردووە، كە رێبوار تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.
چیرۆكەكە بەمشێوەیە بوو، رێبوار قودرەت كە بە رێبواری قەناس ناسرابوو، بەجلێكی تەواو ڕەشەوە هێنرایە ناو هۆڵی دادگا، دادوەر لێی پرسی بۆم باس بكە چۆن پیلانەكەتان دانا و تۆچیت كرد؟، ئەو گوتی، هیچم بیرنەماوە، داوایكرد دادوەر قسەكان بكات لە بەرانبەردا تەنیا دەیگوت "بەڵێ بەڵێ" وایە.
ئاوات شێخ جەنگی دەڵێ، لەوكاتەدا كە بەڵێی بۆ دادوەر دەكرد هەردوو دەستی بەتوندی بە قەفەزەكەوەبوو خۆی پێوە ڕاگرتبوو، گوتەكانی تەواوبوو هاوسەرەكەی هاواری كرد، دادوەر و پۆلیسەكان گوتیان لە شوێنی خۆتەوە قسە مەكە، گوێی پێنەدا و هاواری كرد هەفتەیەكە نەمان بینیووە، ئەشكەنجەدراوە، شەش ساڵە نەخۆشی دەروونی هەیە راپۆرتی پزیشكی هەیە.
بەپێی شایەتحاڵەكان، رێبوار دوای تەواوبوونی گوتەكانی وەرەقەیەكی بۆ دادوەر نووسی، دیارنییە چی بووە ناوەڕۆكەكەی، دواتر گوتی "تەندروستیم خراپە و ناتوانم بەپێوە بوەستم دەبێت دانیشم، خوا هەڵی نەگری".