میدیا و پەیجەكانی نزیك لە لاهوور تاڵەبانی وێنەیەكی ناو هۆڵی دادگایان بڵاو كردەوە كە لاهوور و هاوەڵانی لێ دادگایی دەكرێت و دەڵێن، دادپەروەری لەسەر بنەمای بەڵگە و حەق دەبێت نەك بەرژەوەندی و دۆستایەتی.
كەناڵی زووم نووسیویەتی، لە بەشی سەرەوەی هۆڵی هەموو دادگایەك ئایەتی 58 لە سورەتی النِّسَاء نووسراوە كە "وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْل". واتا كاتێك لە نێوان خەڵك بڕیارتان دا، بە دادپەروەری بڕیار بدەن.
میدیاكانی نزیك لە لاهوور تاڵەبانی نووسیویانە، نابێ جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتدار و خەڵك بكرێ، دادپەروەری لەسەر بنەمای بەڵگە و حەق دەبێت نەك بەرژەوەندی و دۆستایەتی، كە مەبەستیان دادگای سلێمانییە.
باسیان لەوە كردووە كە هەمان ئایەتی قورئانی پیرۆز لەبەشی سەرەوەی هۆڵی دادگاییەكەی دۆسییەی لالەزار نووسرابوو، /وێنەكەیشیان بڵاو كردەوە/.
دوێنی جارێكی تر دادگاییكردنی لاهوور تاڵەبانی و هاوەڵانی بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی گۆڕینی گوتەی چەند گیراوێكی لالەزار كە پێچەوانەی گوتەكانی پێشوویان بوو دانیشتنەكە دواخرا، هەر ئەوكاتە پارێزەر و ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی گوتیان دانیشتنی دادگا سیناریۆ بووە.