دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP) ئاشكرای كرد، لە دوورگەی ئیمراڵی خانوویەكی نوێ بە باخچە و مەرجە شایستەكانی ژیانەوە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادە كراوە، بەڵام ئەو تا ئێستە بەهۆی داواكردنی پێگەی فەرمی (ستاتۆ)وە، گواستنەوە بۆ ئەو خانووەی ڕەت كردووەتەوە.
باخچەلی لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس نەگەهان ئاڵچی ڕای گەیاند، شوێنە نوێیەكە هەموو مەرجەكانی ژیانێكی ئاسایی تێدایە.
لەبارەی هۆكاری نەگوێزرانەوەی ئۆجەلان بۆ خانووە نوێیەكە باخچەلی گوتی: "ئەو دەیەوێت سەرەتا یاسای چوارچێوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لیژنەكان كارەكانیان دەست پێ بكەن، چونكە ستاتۆ و پێگە دەخوازێت، هێشتا نەچووەتە ناو خانووەكەوە."
لەلایەكی ترەوە ئاماژە بەوە كرا كە ئۆجەلان بەهۆی تەمەنییەوە نایەوێت بە تەنیا لەو خانووەدا بمێنێتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی كارە ڕۆژانەییەكانی داوای كردووە كە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی لەلای بێت و لەو پێناوەشدا داواكاریی فەرمیی پێشكەش كردووە.