بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەكان، لە رۆژانی كۆتایی ئەم مانگە و رۆژانی سەرەتای مانگی 10، لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم باران دەبارێت و كەشناسێكیش هۆشداریی دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی ئەیلوول، شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی بە "وشە"ـی راگەیاند، پایزێكی پڕ باران ڕوو لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەكات، هاوكات هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدات.
ئەو كەشناسە ڕاشی گەیاند، بەهۆی كشانەوەی نزمەپەستانی وەرزیی زەریای هیندی كە هۆكاری سەرەكیی گەرما توندەكانی هاوینە، شەپۆلەكانی گەرما لە عێراق و هەرێم كۆتاییان هاتووە.
لەبارەی ڕۆژانی داهاتووش دەڵێت، كاریگەریی شێی دەریای ناوەڕاست دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسكە و تاوەبارانی كورتخایەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستە پلەكانی گەرما جێگیرن، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگدا بەهۆی هاتنی بەرزەپەستانێك لە چینەكانی سەرەوەی هەوادا، ئەگەری هەیە بەشێوەیەكی كاتی یەك بۆ دوو پلە بەرز ببنەوە و دواتر ڕوو لە دابەزین دەكەنەوە.
دەشڵێت، لە 15 بۆ 20ـی مانگ، نزمەپەستانێكی دەریای ناوەڕاست كار دەكاتە سەر بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم، بۆیە مانگی 10 پایزێكی پێشوەختە و پڕ باران چاوەڕوان دەكرێت، كە تێیدا پەڵە لە زۆرینەی ناوچەكان دەدات. هیچ مەترسییەك بۆ وشكەساڵی نییە، بەڵام پێشبینیی دروستبوونی لافاوی گەورە لە عێراق، هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت.