ئەندامێكی پێشووی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت، كاتێك دوژمن هێرش بكاتە سەر كوردستان ناڵێت كێ پارتییە و كێ یەكێتییە بەڵكو هەمووی بە كورد حیسابە، ئیتر كاتی بوو كەهێزەكانی پێشمەرگە یەكبن.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ی ئەیلوول، باڵانبۆ كۆكۆیی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەنگاوێكی ئەرێنییە و لە ڕووی نێودەوڵەتی و ئەو هاوكارییەیشی كە هاوپەیمانان دابینی دەكەن ئەرێنییە.
ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە هەنگاوی دواتر ئەوە بێت عەقڵیەتی هێزەكان لە حزبەوە بكرێن بە كوردستانیی، چونكە كاتێك دوژمن هێرش بكات ناڵێت كێ پارتییە و كێ یەكێتی، بەڵكو هەمووان بە دوژمن دەبینێ.
نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە لە شەڕی دژ بە داعش لە كۆبوونەوەیەكی فەرماندەكانی پێشمەرگەدا هەمووان هاوڕابوون كە ئەگەر داعش پێشمەرگەیەك شەهید بكات نازانێ پارتی بووە یان یەكێتی، بەڵكو دەڵێ پێشمەرگەیەكی كوردستان، بۆیە ئیتر هیچ بیانوویەك نییە بۆ یەكنەگرتنی هێزەكان.
لەبارەی رای ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە گوێرەی ئەزموونی پێشووی كۆكۆیی دەڵێ، ئەمەریكا دەیەوێ هێزێكی رێكخراو لە كوردستان هەبێت و پێی بڵێن هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
جێی ئاماژەیە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان وەك موژدەیەك رای گەیاند كە پڕۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.
وەزارەتەكە گوتی، دوای چەندان ساڵ تێكۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەك یەك تیمی پێكەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا و هەشتا كە هاوكار و ڕێگەخۆشكەربوون، توانییان سەرجەم بەربەست و گرفتە كەڵەكەبووەكان تێپەڕێنین.
دووپات لەوە كرابوویەوە كە ئەم دەستكەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن دا.