رۆژنامەیەك: گرووپێكی سوپای پاسداران رێگرن لە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا

:: PM:09:42:13/09/2026 ‌

رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە دابەشبوونێكی گەورە لە ناو سەركردایەتیی ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، هێرشەكەی مانگی حوزەیران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز لە لایەن گرووپێكی توندڕۆی پاسداران بۆ تێكدانی رێككەوتن لەگەڵ واشنتن ئەنجام دراوە.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێك لێدوانی ژمارەیەك بەرپرسی ئێرانی و ئەندامی سوپای پاسدارانی بڵاو كردەوە، ئەوان ئاماژەیان كردووە كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان بڕیاری هێرشكردنە سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز هی حوسێن سائیب بووە، كە هەر لە سەرەتاوە دژی رێككەوتن بووە لەگەڵ ئەمەریكا و ئەو بە موجتەبا خامنەیی گوتووە كە كۆتاهاتنی شەڕ و قبووڵكردنی هەڵەیە، بۆیە مەبەستی هێرشەكانی گەرووی هورمز تێكدانی یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و داخستنی رێگە بووە لەبەردەم گەیشتن بە رێككەوتنی زیاتر. 

بەپێی راپۆرتەكە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران كاتێك لە عێراق بووە هەواڵی هێرشەكانی پێ گەیشتووە، بە توڕەییەوە پێوەندی بە فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە كردووە و داوای روونكردنەوەی لێ كردووە، ئەویش گوتوویەتی كە زانیاری پێ نەدراوە و تەنانەت ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش زانیاری نەبووە، بۆیە رۆژنامەكە ئاماژە دەكات كە توندڕۆكان لە سەركردایەتی ئێران توانیان دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان كۆتایی پێ بێنن و ناكۆكیش لە ناو رژێمی ئەو وڵاتە بەردەوامە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل