وردەكاریی هێرشەكانی ئەم بەیانییەی سەر هەڵەبجە و سلێمانی

:: AM:08:58:14/09/2026 ‌
 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە نزیك سلێمانی و هەڵەبجە بیستران، بەهۆی پارچەی تەقینەوەكە ئاگر لە قەرەداغ كەوتەوە، هیچ زیانی گیانی نەبووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم 14ی ئەیلوول، بە سێ مووشەك هێرش كرایە سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و بەدیاریكراوی بۆ سەر كەمپەكانی كۆمەڵە لە زڕگوێزەڵە.

عەلی ڕەنجبەری بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، بە سێ مووشەك هێرش كرایە سەر كەمپی نیشتەجێبوونی خێزانەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ناوچەی زرگوێزەڵەی سەربە پارێزگای سلێمانی.

بەگوتەی بەرپرسەكەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستان، ئەو شوێنەی هێرشی كراوەتە سەر شوێنێكی مەدەنییە، بەڵام زیانی مادیی لێ كەوتووەتەوە، هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە و سەرجەم دانیشتووانی كەمپەكە سەلامەتن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە و تێیدا دەركەوتووە، ئاگر لە سنووری قەرەداغ كەوتووەتەوە، هاوكات بەهۆی بۆردمانەكەوە چاڵێكی گەورەش دروست بووە.

دانیشتووانی گوندی داری زیایین لە شارۆچكەی قەرەداغ ئاماژە بەوە دەكەن، دەنگی تەقینەوەیەكی زۆر بەهێز لە ناوچەكەیان بیستراوە. بەهۆی تەقینەوەكەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەكە كەوتووەتەوە و دوای كوژاندنەوەی، شوێنەواری چاڵێكی گەورە لە زەوییەكەدا دۆزراوەتەوە.

دەزگا تەناهییەكان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەست پێ كردووە بۆ زانینی هۆكار و سەرچاوەی تەقینەوەكە.

هاوكات بەپێی ئەو دیمەن و زانیارییانەی هاونیشتمانیان بڵاویان كردووەتەوە، لە هەڵەبجە، دەربەندیخان، شارەزوور و زەڕایەنیش دەنگی بەهێزی تەقینەوە لە بەرەبەیاندا بیستراوە.



وشە - سۆران عەزیز