"كوردستان مافی خۆیەتی 28 ترلیۆن دینار لە بودجەی عێراق وەربگرێت"

:: PM:09:13:15/09/2026 ‌
هەنگاو هاشم شارەزایی دارایی و هەڵگڕی بڕوانامەی ماستەر لە ژمێریاری لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" ئاماژە بە بودجەی 2027ی عێراق دەكات و دەڵێ‌، گەر ڕێژەی 14٪ هەژمار بكرێت كە دواین ڕێژەی ژامارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە دەبێت 28 ترلیۆن دینار پشكی هەرێمی كوردستان بێت.

ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە تاڕدەیەكی زۆر پرسی مووچە چارەسەر بووە. هەروەك بە پێویستی دەزانێ‌ پەرلەمانی كوردستان كارا بێت تا بودجە ببێت بە یاسا و شەفافییەت و دنیابینی ئابووری و وەبەرهێنانی كوردستان دیاری بكرێت. 

 گفتوگۆی بودجەی 2027 دێتە پێشەوە پێشبینیتان بۆ پشكی كورد چییە؟ 
 بودجەی عێڕاق بۆ ساڵی 2027  پڕە لە ئاستەنگ و ئاڵنگاری بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە و شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر داهاتی عێراق كردووە، بەو پێیەی نزیكەی 90٪ ی داهاتی عێڕاق لەڕێی فرۆشی نەوتەوەیە، بودجەی پێشبینی كراوی عێڕاق بۆ ساڵی 2027 نزیكەی 200 ترلیۆن دینارە كە نزیكەی  80 بۆ 100 ترلیۆن كورتهێنانی هەیە، بەو پێیەش بێت كورتهێنان بەڕێژەی 53٪ زیاتر بەراورد بە كورتهێنانی پێشبینی كراوی  بودجەی ساڵی 2025 ی عێڕاق، پشكی هەرێمی كوردستانیش بەندە بەو ئاڵنگاریانەوە، گەر ڕێژەی 14٪ هەژمار بكرێت كە دواین ڕێژەی ژامارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە بەگوێرەی دواین سەرژمێری عێڕاق ئەوا دەبێت 28 ترلیۆن دینار پشكی هەرێمی كوردستان بێت و دوای لێدەركردنی خەرجیەكانی سیادی و حاكیمە دەبێت نزیكەی  25 ترلیۆن دینار تەرخان بكرێت وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا وەك خەرجی بەكارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان، لە بودجەی ساڵی ئایندە هەرێمی كوردستان بەشدارە بە هەناردەكردنی  نەوت و ئەو بڕەی وەك داهاتی نانەوتی بۆی دانراوە بیگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتی، بۆیە مافی خۆیەتی پشكی تەواوی هەبێت لەبودجەی عێراق.

"هەوڵی رژد لەلایەن كوردستانەوە بۆ بودجە هەیە"

ئایا ئەزموونی رێكخراو لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ جێگیركردنی پشكی كورد  هەیە؟
هەوڵی رژد بەدی دەكرێت لەلاین هەرێم و بەغداوە بو جێگیركردنی پشكی كورد لەبودجەدا، لەوەش گرنگتر پاڵپشتیە یاسایی و دەستووریەكانی هەرێمی كوردستانە كە دیاری كردنی ڕێژەی دانیشتوانە بەگوێرەی دەستوور و دواین سەرژمێری لە عێڕاق كە دەبێت لە 12.67% ەوە بكرێتە 14٪ هەروەها هەناردەكردنی نەوت و گەڕانەوەی داهاتی بۆ خەزێنەی عێڕاق و بەشداری كردن لەسیستمی ئەسیكۆدا و بەبانكی كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

- ئەگەر پشكی هەرێم 14% جێگیر بكرێت، گرەنتی بۆ تێپەڕاندنی هەیە لە پەرلەمان؟ 
تێپەڕاندنی ئەو ڕێژە بۆ هەرێمی كوردستان پاڵپشتە بە دواین ئاماری دانیشتوانی هەرێم بەگوێرەی دواین سەرژمێری عێڕاق و دەستوور ئەو مافەی چەسپاندووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەو ڕێژە بۆ كورد جێگیر بكرێت لە بودجەدا.

"فڕاكسیۆنە كوردییەكان دەبێت نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكەن"

كۆدەنگی فراكسیۆنەكان لەو رووەوە چەندە گرنگە؟ 
فڕاكسیۆنە كوردییەكان دەبێت نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكەن و مافەكان بچەسپێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بۆمبانەی كە لە بودجەی ساڵانی پێشوو هەبوو نەمێین، بەتایبەتی پشكی هەرێمی كوردستان لەخەرجی  كرداری دەربهێندرێت.

گرنگی بونی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟ 
 ⁠چەند گرنگە بۆ كورد بودجەی هەبێت لەعێڕاق، لەوەش گرنگتر  ئەوەیە كە لەپەرلەمانی كوردستان بودجە بایاسا دەربچێت و لەژێڕ چاودێری دەزگا چاودێریەكانی هەرێمی كوردستان دابێت  كە شەفافیەت زیاد دەكات و دنیابینی ئابووری و وەبەرهێنان لەهەریمی كوردستان دیاری دەكات و دادپەروەری  دێنێتە ئاراوە، بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجامەكەشیوازێكی پێشكەوتووی بودجەیە و خزمەتگوزاری و شەفافیەت زیاتر دەكات و بەهەدەردان كەمتر دەكاتەوە و بەگوێرەی ستانداردە نێو دەوڵەتیەكانە و سندووقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)پشتگیری ئەمجۆرە بودجە دەكات، پێویستە هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی داهاتوی خۆیدا پشت بەم شێوازی بودجە دانانە ببەستێت كە خۆ دەربازكردنە لەبودجەی بڕگەیی كە تەنیا تەرخانكردنی پارەیە بێ ئەوەی تیشك بخرێتە سەر ئەنجامی خەرج كردن.

"كوردستان بە نەوت و جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا بەشدارە"

 پێشبینی دەكەی دوای بودجە كێشەی مووچەی كوردستان چارەسەر ببێت؟ 
لەو حكوومەتەی عێڕاق تاڕادەیەكی باش لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووە و ئێستە تاڕادەیەكی باش كێشەی مووچە چارەسەر بووە، پێشبینی دەكرێ لەبودجەشدا ئەو لێكتێگەیشتنە ڕەنگدانەوەی هەبێت، بەتایبەت وەك  پێشتر ئاماژەم پێكرد كە هەرێمی كوردستان بەهاردەی نەوت و داهاتی نانەوتی و بە ڕێكخستن و بەبانكی كردن  سیستەمی مووچە و جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا بەشدارە لەبودجەدا.



وشە - وشه‌