باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی کرد و ڕای گەیاند، کە وڵاتەکەی بە گرنگییەوە لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەڕوانێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول، لە پیرمام سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، باڵوێزی ئیتاڵیا پرسە و هاوخەمیی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، ئالنگارییەکانی قۆناغی داهاتووی عێراق و هەڕەشەکانی تیرۆر ئاڵوگۆڕ کرد، باڵوێزی ئیتاڵیا دووپاتی لە بایەخی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی کردەوە.
لە تەوەرێکی ترى کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە هاوئاهەنگى نێوان سوپای ئیتاڵیا و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا کرایەوە و دووپات لە پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرایەوە.