زانکۆلاین کارا دەکرێت.. زیاتر لە 40 هەزار دەرچوو کێبڕکێ لەسەر 680 بەش دەکەن

:: PM:05:43:16/09/2026 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سبەینێ پێنجشەم 17ی ئەیلوولی 2026، سیستمی "زانکۆلاین" بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بۆ 40,716 دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی کارا دەکرێت. وەزارەت داوا لە دەرچووان دەکات بۆ وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ سەردانی قوتابخانەکانیان بکەن و هۆشداری دەدات کە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکان تەنیا پشت بە ڕێنوێنییە فەرمییەکان و مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری لە زانکۆکان ببەستن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کردووە، سبەینێ پێنجشەم لە سەعات هەشت و 30 خولەکی سەرلەبەیانییەوە، سیستمی زانکۆلاین بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ و تا ڕێکەوتی 24ی ئەیلوول بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە کارا دەکرێت. وەزارەت دووپاتی دەکاتەوە کە خوێندکاران پێویستە لە ڕێگەی وێبسایتی فەرمیی (www.regayzanko.com) ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە و خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە، یان سەردانی مەڵبەندە فەرمییەکانی ڕاوێژکاری لە زانکۆکان بکەن و بە هیچ جۆرێک ڕوو لە ناوەندە نافەرمییەکان نەکەن.

پڕکردنەوەی فۆڕمەکان لەسەر بنەمای کۆنمرە و ئارەزووی خوێندکار دەبێت، بۆیە وەزارەت داوا دەکات لە یەکەم ڕۆژەوە دەست بە پێشکەشکردن بکەن و کاری پڕکردنەوە نەخەنە ڕۆژانی کۆتایی. ئەمساڵ 40,716 دەرچوو، کە پێکهاتوون لە 30,847 دەرچووی زانستی، 7,923 وێژەیی، 1,240 پیشەیی و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، کێبڕکێ لەسەر 680 بەش لە 16 زانکۆی حكوومی و لە هەرسێ سیستەمی زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران دەکەن. وەزارەت ئاماژەی بەوەیش کردووە کە هیچ پەیج و ئەکاونتێکی تایبەتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە و تەنیا پەیجی فەرمیی وەزارەت سەرچاوەی ڕاستەقینەی زانیارییەکانە.


وشە - پێشەنگ مەحموود