ماڵباتی خالید زراری: کێشەکەمان مانگێک لەمەوبەر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حكوومەت چارەسەر کراوە

:: AM:10:59:18/09/2026 ‌
ماڵباتی (خالید زراری) لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایان گەیاند، دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆنی باوکیان لەلایەن کەناڵی NRTـییەوە دووبارە بڵاوکرایەوە، دووپات دەکەینەوە کە کێشەکەیان لە مانگی ئابی ڕابردووەوە لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حكوومەت چارەسەر کراوە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراون.

لە ڕوونکردنەوەکەدا، ماڵباتی خالید زراری ئاشکرایان کردووە، دوای گەیشتنی دەنگیان بە سەرۆک مەسعوود بارزانی، نووسینگەی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی وردی بۆ کێشەکەیان کردووە. جێی باسە، هەر لە ڕۆژی 6ی ئابدا، وەک لە پۆستێکی فەرمیدا ئاماژەی پێکراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، شەعبان چالی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت، سەردانی ماڵباتی تێکۆشەر خالید زراری کردووە بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

ماڵباتەکە لە ڕوونکردنەوە نوێیەکەدا دەڵێن "نووسینگەی جەنابی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە جددی و بەرپرسیارییەوە بەدوای داواکارییەکانماندا چوون و سەرجەم خواست و داواکارییەکانمان بە تەواوی جێبەجێ کران."

ئەوان سوپاسێکی دڵسۆزانەیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵ داواکارییەکانیان کردووە و ڕێزیان لە خەبات و قوربانیدانەکانیان گرتووە.

لە کۆتاییدا و بەهۆی ئەوەی کە کەناڵی NRT ڤیدیۆیەکی کۆنی دووبارە کردووەتەوە، ماڵباتی خالید زراری داوایەکی ڕوونیان ئاراستەی کەناڵەکە کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم داواکارییەکانمان جێبەجێ کراون، بە شێوەیەکی ڕوون داوا لە کەناڵی NRT دەکەین گرتە ڤیدیۆ کۆنەکە کە دووبارە بڵاوکراوەتەوە، بە زووترین کات لە هەموو پلاتفۆرمەکانیان بسڕنەوە و دووبارە بڵاوی نەکەنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود