تیکتۆک ڕوونکردنەوە لەسەر وشەی کوردستان دەدات

:: PM:12:29:18/09/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، شارەزایەکی ئایتی دوای پێوەندیکردنی بە کۆمپانیای تیکتۆکەوە ئاشکرای دەکات، ناوی کوردستان لەو پلاتفۆڕمەدا بلۆک نەکراوە و ئەوەی هەبووە تەنیا کێشەیەکی کاتی بووە، بەو پێیەی بەشداربوویەکی زۆر لە هەرێمەوە وشەکە بەکار دەهێنن و قازانجێکی زۆر بە کۆمپانیاکە دەگەیەنن.

عەلی جاف، شارەزای ئایتی و سایبەر سیکیوریتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی قەدەغەکردنی وشەی "کوردستان" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پێوەندی بە کۆمپانیای تیکتۆکەوە کردووە و ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە کە ناوەکە لە پلاتفۆڕمەکەیان هیچ کێشەیەکی نییە و بلۆک نەکراوە.

عەلی جاف زیاتر ڕوونی کردەوە، وشەی "کوردستان" وشەیەکی گەورەیە و زۆربەی بەشدارانی هەرێم بەکاری دەهێنن، ئەو پارەیەش کە لە کوردستانەوە لە تیکتۆک خەرج دەکرێت، لە کەم شوێن و وڵاتی تردا خەرج دەکرێت. بۆیە کۆمپانیاکە هەرگیز ناوێک بلۆک ناکات کە زیان بە قازانجەکانی خۆی بگەیەنێت و کۆمپانیاکە هەرگیز هەنگاوێکی لەو شێوەیە نانێت کە لە قازانجی خۆی بدات.


وشە - پۆڵا مەحموود