یادی مەرزییە.. گۆرانیبێژی خۆشەویستی و نیشتمان و ئازادی

:: PM:07:11:18/09/2026 ‌
ئەمڕۆ، هەینی 18ی ئەیلوول، 21ەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەرزییە فەریقییە، ئەو گۆرانیبێژەی لە بوارەکانی خۆشەویستی، نیشتمان و ئازادیدا خزمەتێکی زۆری بە هونەری کوردی کردووە.

مەرزییە فەریقی کێ بوو؟ مەرزییە شەهاب عەبدوڵا، ناسراو بە مەرزییە فەریقی، ساڵی 1958 لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. هەر لە منداڵییەوە حەزی بە گۆرانی و شانۆ هەبوو و لە بۆنە و چالاکییە قوتابخانەییەکاندا بەشداری دەکرد، دواتریش بۆ خوێندنی مامۆستایەتی چووە سنە و ماوەیەک پیشەی مامۆستا بووە.

لە ساڵی 1977دا، لە کۆنسێرت و بەرنامە هونەرییەکاندا دەرکەوت. سەرەتا بە زمانی فارسی گۆرانیی دەگوت، بەڵام دواتر بە تەواوی ڕووی کردە مۆسیقای کوردی و ئەمەیش بووە بنەمای ناسنامە هونەرییەکەی.

مەرزییە لە ساڵی 1978 لەگەڵ گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، ناسر ڕەزازی هاوسەرگیری کرد، لە ساڵانی هەشتاکاندا، بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی ژیانی پێشمەرگایەتیی هەڵبژارد و لەو ماوەیەدا چەندین گۆرانی و سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕیی تۆمار کرد.

بەپێی چەندین سەرچاوە، مەرزییە فەریقی یەکێک بووە لە یەکەمین ژنە کوردەکان کە گۆرانی بەسەر پێشمەرگەدا گوتووە. لە گرنگترین کارەکانی ئەو سەردەمەشی گۆرانیی «سڵاو بۆ پێشمەرگە»ـیە، هەروەها گۆرانییەکانی «گیانەکەم بۆ ئاسمانی شین»، «ماچی خودایی» و «پایز» لە کارەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیی ئەون.

لە دوای ساڵی 1984، مەرزییە و ناسر ڕەزازی وەک پەنابەر ڕوویان کردە سوید. فەریقی لە دەرەوەی کوردستانیش بەردەوام بوو لەسەر کارە هونەرییەکانی و لە بوارەکانی مافی ژنان و منداڵانیشدا کاری دەکرد، هەروەها بەرنامەیەکی تایبەت بە مافی ژنانی بە ناوی «جیلەمۆ» بۆ میدیای کوردی پێشکەش کرد.

مەرزییە فەریقی لە تەمەنی 47 ساڵیدا لە ستۆکهۆڵمی سوید کۆچی دوایی کرد. لەسەر ویستی خۆی، تەرمەکەی بۆ کوردستان گەڕێندرایەوە و لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.



وشە - پێشەنگ مەحموود