ئەمڕۆ 18ی ئەیلوول، وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە شێوازی پێشوو لە ڕێگەی بانکەکانەوە ڕاگەیاند، ئەمەیش دوای ئەوەی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 99٪ی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پرۆسەی (هەژماری من) تۆمار کراون و لە ئێستەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاسان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی ئاماژەی بەوەیش کرد کە دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکەکانەوە لە ماوەی ڕابردوودا کارئاسانییەکی زۆری دروستکردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو، هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە تەنانەت لە کاتەکانی پشوویشدا هاوکار بوون لە خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا، لەگەڵ بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ستافی تیمی (هەژماری من) کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.
لە کۆتاییدا دووپات لەوە کرایەوە کە بەهۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە، لەمەودوا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو بە تەواوی کۆتایی پێ دێت.