٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، هاوكات لەگەڵ یادی نۆیەمین ساڵی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، وەرزی شانۆیی هەولێر ٢٠٢٦ بە نمایشكردنی شانۆگەرییەكانی ئەم وەرزە دەستی پێ دەكات.
ماوەیەكە لە هەولێر شانۆ و هونەر بەگشتی بەتەواوی وەستاوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی رۆشنبیریی شارەكە هەوڵ دەدەن هەولێر بەرەو قۆناغێكی نوێی رۆشنبیری و هونەری ببەن، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، هەوڵەكانی بۆ پشتیوانیكردنی بەرهەمهێنانی شانۆیی و گەڕاندنەوەی بینەران بۆ هۆڵەكان خێراتر كردووە و بڕیارە یەكەم نمایش لە كۆتایی ئەم مانگەدا پێشكەش بكرێت.
مەهدی حەسەن بۆ "وشە" رای گەیاند: "لە چوارچێوەی پشتیوانیكردنی كارا بۆ بواری هونەر و فەرهەنگ، هەوڵەكان بۆ دابینكردنی سەرچاوەی دارایی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی نمایشی شانۆیی چڕتر كراونەتەوە، بۆ دروستكردنی دەرفەتی كار و رەخساندنی زەوینەیەكی گونجاو بۆ ئەو دەرهێنەر و شانۆكارانەی خوازیاری پێشكەشكردنی بەرهەمی نوێن."
مەهدی حەسەن گوتی: تا ئێستە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە توانراوە پشتیوانی دارایی بۆ چوار بەرهەمی شانۆیی دابین بكرێت. ئامانج لێی پاڵپشتیكردنی تەواوەتیی ئەم كاریگەرییە هونەرییانەیە."
مەهدی حەسەن دەڵێت، "بەپێی پلانی دیاریكراو، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا یەكەم نمایشی شانۆیی بەڕێوە بچێت. دوابەدوای ئەوەش بەرنامەكە بەردەوامی دەبێت و مانگانە یان هاوشێوەی ئەوە، نمایشی نوێ و بەرهەمی تری شانۆكاران پێشكەشی بینەران دەكرێت.
"لە رۆژانی شەش و حەوتـی ئەیلوولدا، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، چوار سیمیناری تایبەتی لە ژێر دروشمی "هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر" رێكخست. ئامانجی سەرەكی لەم سیمینارانە داڕشتنی بەرنامەیەكی پێشكەوتوو بوو بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی بزاڤی شانۆ لە پایتەخت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر- هەولێر بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ، شانۆگەریی "دڵسۆزی لە پەراوێزدا" نمایش دەكات.
ئەم بەرهەمە ئەزموونی نوێی كۆمەڵێك لاوی ئایندەداری بواری شانۆیە، بۆ یەكەمجار بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی هەولێر ئەم كارە هونەرییە رۆژی شەموو 26ی ئەیلوول لە هۆڵی سەفوەت جەراح پێشكەش دەكرێت.