مستەفا چاوڕەش: دوو ڕۆژی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی باڵا بۆ راگەیاندنی یەكخستنەوەی پێشمەرگە دەكرێت

:: PM:08:30:19/09/2026 ‌
دوای راگەیاندنی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كاردانەوەكان زیاتر بوون و فەرماندەیەكی پێشووی هێزەكانی 70 / دەڤەری دوو/ دەڵێ‌، ئەوە هەنگاوێكی پیرۆزە و دەبێتە زامنی پاراستنی قەوارەی دەستووری كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 19ی ئەیلوول، مستەفا چاوڕەش فەرماندەی پێشووی هێزەكانی 70 بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو رۆژی داهاتوو كۆبونەوەیەكی باڵا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت. 

ڕوونیشی كردەوە كە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە قازانجی هەموو خەڵكی كوردستانە، دەبێت هەموومان شانازی و پشتیووانی لەو هەنگاوە بكەین.

روونیشی كردەوە كە "ئەوكاتەی من بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بووم، باوەڕم بە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هەبووە، ناكرێت ئەو ئاگرەی لە دەور و پشتمانە، ئێمەش خۆمان ناكۆكییمان هەبێت، پێشمەرگە موڵكی خەڵكی كوردستانە و دە بوو زووتر یەكی بگرتایەتەوە".

چاوڕەش دووپات لەوە دەكاتەوە پێشمەرگە هی خەڵكی كوردستانە نەك پارتی و یەكێتی، بۆیە دەبێت پشتیوانی لەم یەكگرتنەوەی دەڤەری یەك و دوو بكەین و ئاهەنگێكی گەورەی بۆ ساز بكەین.
زیاتر گوتی، بەردەوام هاوپەیمانان لەگەڵمان كۆبونەتەوە، داوایان لێكردووین هێزی پێشمەرگە یەك بگرێتەوە، چونكە پێشمەرگە یەكگرتوو بێت ئەوە گومانی تێدانییە، بنەمای پاراستنی قەوارەی دەستووری كوردستانە.

وشە/ عەزیز هەورامی 



وشە - وشه‌