رۆمانی "گوڵستان"ی كارۆش تەها بەربژێرە بۆ خەڵاتی كتێبی ئەڵمانیا

:: PM:01:47:20/09/2026 ‌
دوای هەردوو ڕۆمانی "وەسفكردنی كۆچی قرژاڵێك" لە ساڵی ٢٠١٩ و "لە سكی شاژندا" لە ساڵی ٢٠٢٠، ڕۆمانی "گوڵستان" نوێترین ڕۆمانی نووسەری ئەڵمان-كورد كارۆش تەهایە كە مانگی ڕابردوو وەك هەردوو ڕۆمانەكەی تری نووسەر، لەلایەن وەشانخانەی بەناوبانگی "DuMont"ەوە چاپ و بڵاو كرایەوە. 

"گوڵستان" كە ناوەڕۆكەكەی باس لە چەوساندنەوەی گەلی كورد لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا دەكات، سەرنجی میدیا و ناوەندە ئەدەبییەكان و رەخنەگرانی ئەڵمانیای بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە. وەك لەسەر بەرگی كتێبەكە ئاماژەی پێ دراوە، "گوڵستان" پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی كتێبی ئەڵمانیا بۆ ساڵی ٢٠٢٦. 

 كارۆش تەها ساڵی ١٩٨٧ لە زاخۆ لە دایك بووە. ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ بنەماڵەكەیدا وەك پەنابەر ڕوویان لە ئەڵمانیا كردووە. لە زانكۆی دویسبورگ-ئێسن ڕشتەی مامۆستایی و لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی و مێژووی خوێندووە. نووسەر لە میانەی كاروانی نووسینی خۆیدا كۆمەڵێك خەڵاتی وەرگرتووە. 






وشە - سۆران عەزیز