" كراس زەردێ‌" لە تایەر تۆفیقەوە بۆ دەیان هونەرمەندی كورد

:: PM:07:13:20/09/2026 ‌
یەكێك لە گۆرانییە فۆلكۆرییەك كوردییەكان گۆرانی " كراس زەردێیە" كە بە پێی سەرچاوە كولتوورییەكان یەكەم كەس لەلایەن هونەرمەندی دیاری كورد تایەر تۆفیقەوە گوتراوە و دواتر بە تەواوی پەرەی سەندووە و تا ئێستەیش هونەرمەندەكان دەیڵێنەوە. 

تەنانەت لە هەندێك سەرچاوەدا ناوی تایەر تۆفیق وەك شاعیری ئەم دەقە هاتووە و دەگوترێت د. عەبدولڕەحمان قاسملوو گۆرانیی كراس زەردێی مامۆستا تایەر تۆفیقی گوتووەتەوە.

دوای هونەرمەند تایەر تاۆفیق، هەریەكە لە جەمال موفتی، ناسر ڕەزازی، ئومید ڕەسووڵپوور، میكائیل مەهابادی، ئیبراهیمی قادری، زیاد ئەسعەد گۆرانییەكەیان گوتووەتەوە. 

بەپێی سەرچاوەكان، تایەر تۆفیق لە ساڵانی 1940دا گۆرانییەكی پەیوەندیدار بە كراس زەردێی تۆمار و بڵاوكردووەتەوە، لە ناوەڕۆكی گۆرانییەكەدا، كراس زەرد، وێنەی كچێكە كە جلی زەرد لەبەرە. گۆرانیبێژ عاشقی ئەو كچەیە و دەڵێت كراسە زەردەكەی لەبەرەوە هۆی سەرگەرمی و دڵبەستەیی بووە. داوا دەكات ئەو كچە ببێتە بووك و بیبەنە باغی شەقڵاوە، واتە ئارەزووی هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەش لەگەڵ ئەو كچەیە. 

هونەرمەند تایەر تۆفیق كە یەكێك بووە لە هونەرمەندە دیارەكانی كورد. لە ساڵی 1922 لە شاری كۆیە لە گەڕەكی بەفری قەندی هاتووەتە دنیاوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوكی بردوویەتی بۆ حوجرەی (مەلای ڕەش) و لەوێ خوێندنی قورئانی تەواو كردووە، هەر لەوێشەوە فێری ئەلف بێی كوردی و عەرەبی بووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا كە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەهرەی گۆرانیبێژی هەبووە و مامۆستاكانی هانیان داوا سروود و گۆرانی بڵێت، لە ساڵانی 1942 – 1943 بەهۆی گرانی و هەژارییەوە دەستبەرداری خوێندن دەبێت، لە ساڵی 1945 دەچێتە ئێستگەی ڕادیۆی بەغدا حەفتانە بۆ نیو سەعات راستەوخۆ گۆرانی پێشكەش دەكرد.

بۆ یەكەمجاریش گۆرانی (ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ) و بەستەی (كراس زەردێ)ی تۆماركردووە و بڵاوی كردووەتەوە.
 
تایەر تۆفیق لە ساڵی 1975 ژیانی هاوسەریی پێكهێنا، ئەم هونەرمەندە لە سەرەتای ژیانی هونەریدا كەوتووەتە بەر كاریگەریی گۆرانیبێژە لێهاتووەكانی ئەوسای كۆیە وەك سێوە و مەلا ئەسعەد و سوودێكی زۆریشی لە هونەرمەند ئەحمەدی ‌حەمە مەلا وەرگرتووە، بەڵام كاتێك كە بازووی هونەری گۆرانی گوتنی بەهێز بووە، هەوڵی داوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی هەبێ و لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی ڕابردووشەوە بووەتە گۆرانیبێژێكی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی, لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 1987 لە تەمەنی 65 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .

بە ناوبانگترین مەقامی ئەم هونەرمەندە ” شیرن بەهارە”یە كە هۆنراوەی م. ئیبراهیم ئەحمەدە و بە یەكێك لە بەچێژترین مەقامە كوردییەكان دادەنرێت هەروەها لە هۆنراوەی شاعیرانی وەك نالی، مەحوی، بێخود و سافی هێرانی.. هتد چەندین گۆرانی و مقامی گوتووە.

هونەرمەند تایەر تۆفیق لە ساڵی 1922 لە شاری كۆیە لە گەرەكێكی هەژارنشین لەدایك بووە و لە 20/10/1987  لە تەمەنی 62 ساڵی كۆچی دوایی كرد. 



وشە - وشه‌