بڕیارێك بۆ ئەو كەسانە درا كە لە تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین دەبن

:: PM:03:50:22/09/2026 ‌
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕگەیەكی تایبەت بە ڕێنوێنییەكانی یاسای خانەنشینیی هەموار كردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر كرد.

بەپێی فەرمانە نوێیەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ژمارە (١١٧٦٠) لە ڕۆژی 17ی ئەیلوول، بڕگەی (سێیەم/٢) لە فەرمانەكانی پێشووتر هەموار كراوەتەوە. لە دەقە هەمواركراوەكەدا بڕیار دراوە، كە مافی درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە كەسوكاری شەهیدانی هەرێمی كوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
* ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی شەهیدانی كوردی فەیلین.
* ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، كە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی هەمواركراو تۆماركراون.

هەروەها لە فەرمانەكەدا دووپات لەوە كراوەتەوە، كە مەرجی سەرەكی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشكەشكردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستكردنەوەی دۆسییەكانیان.



وشە - وشه‌