دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاڤێستا كە لە ماوەی رابردوو چەند كتێبێكی لەلایەن پۆلیسەوە كۆ كرایەوە، بەبڕیاری دادگای توركیا قەرەبووی ئەو كتێبانەی دەكرێتەوە، دادگا قەدەغەكردن و كۆكردنەوەی ئەو كتێبانە بە پێشێلكردنی بنەمای ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن ناو دەبات.
عەبدوڵا كەسكین بەڕێوەبەری كتێبخانەی كوردی ئاڤێستا كە ئێستە بنكەكەی لە ئیستانبوڵە رای گەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندان كتێبیان كۆ كراوەتەوە و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.
گوتی، ئەو كتێبانەی لە توركیا رێگریی لە بڵاوكردنەوەی كراوە، كتێبی مێژوویی و سیاسیی كوردی بوون، توركیا بەتایبەت پۆلیس بە بیانی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی رێگرییان لە بڵاوبوونەوەیان كردووە.
دادگای توركیا قەدەغەكردن و كۆكردنەوەی چەند كتێبێكی كوردی بە پێشێلكاری ناو دەبات و دەڵێت، پێویستە ئەو چاپخانەیەی كتێبەكانی چاپ كردووە، قەرەبوو بكرێتەوە.
بەگوتەی كەسكین بەشێك لەو كتێبانەی كۆ كراونەتەوە، بریتین لە "كورد و كوردستان"ـی عەبدولڕەحمان قاسملۆ، "مێژووی كوردستان"ـی لازاریڤ و "بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد"ـی كریس كۆچێرا.
دادگای دەستووریی توركیا قەدەغەكردن و كۆكردنەوەی ئەو كتێبانە بە پێشێلكردنی بنەمای ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن ناو دەبات. دادگای دەستووری بڕیاری داوە دەزگای ئاڤێستا قەرەبوو بكرێتەوە.
وەشانخانەی ئاڤێستا، دەزگایەكی چاپكردنی كتێبی كوردییە لە باكوری كوردستان و توركیا. ئاڤێستا كتێبەكانی بەزمانی كوردی باكور و توركی چاپ دەكات، هەروەها هەندێك كتێبی سۆرانیش بە ئەلفوبێی لاتینی چاپ كردووە.
مێژووی ئاڤێستا بۆ ناوەڕاستی نەوەتەكان دەگەڕێتەوە، ئێستە بنكەی سەرەكیی لە شاری ئیستانبوڵە. لە شاری ئامەدیش ناوەندی گەورەی هەیە، عەبدوڵا كەسكین دامەزرێنەر و خاوەندارێتی لە ئاڤێستا دەكات.
دەزگای ئاڤێستا لە ساڵی ٢٠١٦، بەشێك لە كتێبخانەكەی ئامەدی سووتێنرا، ئەمەش بووە هۆی سووتانی سەتان كتێب. خانەی ئاڤێستا، مینبەرێكی كوردانە لە ناوجەرگەی ئیستانبوڵدا.
دەزگای ئاڤێستا لە ئیستەنبوڵ پێشتر كتێبی "بۆ مێژوو"ی سەرۆك مەسعود بارزانی بە زاراوەی كرمانجی چاپ كردووە "بۆمێژوو" لەلایەن ڕۆژنامەوان عارف زێرەڤان وەرگێڕایە سەر زاراوەی كرمانجی.