كتێبێكی تایبەت بە خەرەندی ڕواندز چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:10:43:24/09/2026 ‌
 كتێبێكی تری سدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی "خەرەندی ڕواندز هێمای ڕامان و جوانی"، لە ئایندەیەكی نزیكدا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.

سدیق سەعید بە"وشە"ی راگەیاند، ناوەڕۆكی ئەم كتێبە لە چوار بەشی سەرەكی پێكهاتووە، هەر بەشێكیش لە چەند تەوەرێك و تێیدا لەبارەی هەڵكەوتەی سروشتی خەرەندی ڕواندز، چۆنیەتی دروستبوونی، مانای وشەی خەرەند دواوە.

لە بەشێكی تردا پێوەندیی خەرەند بە عشق و مەرگ بە گشتی و مەرگی خۆشەویستان، ئەوانەی لە پێناو خۆشەویستی خۆیان لە خەرەند فڕێ دەدەن بەتایبەتی باس كراوە. نووسەر ئەو بۆچوونانەی ڕەت كردووەتەوە كە خەرەندی ڕواندز بە هێمای مەرگ دەزانن، ئەمە بۆ ڕواندزییەكان مایەی نیگەرانییە و كەمكردنەوەیە لەو جوانییە سروشتییەی لە شاردا هەیە.

 لە كتێبەكەدا نووسەر پڕۆژە پێشنیارێك لەبارەی پاراستنی لێوارەكانی خەرەند و بە گەشتوگوزاركردنی دەخاتە ڕوو، كە چۆن بتوانرێ خەرەند وەك ناوچەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش بكرێتە پڕۆژەی گەشتوگوزاری و خزمەت بە داهاتی شارەكە بكات. 

نووسەر باسی لەوە كرد، ئەوەی هانی دام بۆ نووسینی ئەم كتێبە، ئەوەبوو كە خەرەند بەشێكە لە بوون و سروشتی ڕۆحیانەی خەڵكی ڕواندز، هەم ناوی شوێنەكە تایبەتە و لە هیچ جێگەیەك وشەی خەرەند بۆ ئەو هەڵكەوتە سروشتییانە بەكار نایەت، هەمیش خەرەند تەنیا لە ڕواندز هەیە و لە هیچ شارێكی تر بوونی نییە. 

نووسەر دەگێڕێتەوە كاتێ ئێواران لەسەر لێوارەكانی خەرەند دەوەستام و سەیری قووڵایی خەرەندم دەكرد، چەندان ڕامان و پرسیارم لا دروست دەبوون، بەوەی ئەمە چۆن دروست بووە؟ ئەی وشەی خەرەند مانای چییە؟ بۆچی دەبێ هێمای مەرگ بێت؟ لە كتێبەكەدا ئەم باسانە ڕوون كراونەتەوە.







وشە - سۆران عەزیز