سبەی شازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە بەرلین ئەنجام دەدرێت

:: AM:11:31:24/09/2026 ‌
بڕیارە سبەی هەینی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، شازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە بەرلین بە بەشداریی 30 فیلم ئەنجام بدرێ و تا یەكی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بەردەوامی هەبێت.

بابەتی سەرەكیی فیلمەكانی ئەم جارەی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە بەرلین، لەسەر كوردە لەبیركراوەكانی سۆڤیەتیی كۆن دەبێت. ڕۆژنامەی "بەرلینە تسایتۆنگ" لەوبارەیەوە نووسیویەتی، كاتێك باسی كوردەكان دەكەی، زۆربەمان بیرمان بۆ لای توركیا و عێراق و سووریا و ئێران دەچێت، بەڵام جیا لەو شوێنانە، كوردەكان لە یەكێتیی سۆڤییەتیی كۆنیش بوونیان هەبووە و هەیە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە 1937 تا 1944 لە سەردەمی حوكمی ستالین، كۆمەڵگەی كوردی لە ناوچەكانی قەوقاز بە زۆرەملێ بۆ ناوچەكانی ناوەڕاستی یەكێتیی سۆڤییەت كۆچیان پێ كرا، لەوێش بەردەوام لە ژێر چاودێری ستالین و حكوومەتەكەیدا بوون، بەڵام سەرەڕای كۆچی زۆرەملێ و چاودێری چڕ، ئەمانە نەیانتوانی كولتوور و فەرهەنگی كوردی لە هزری كوردانی سۆڤییەت بسڕنەوە، بگرە ئەوان پەرتووك و رادیۆ و فەرهەنگ و فیلمیشیان دروست دەكرد و دووپاتیان لە شوناسی خۆیان دەكردەوە.

ئەو چیرۆكانە یەك دەگرنەوە و لە شازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە بەرلین كە سبەی هەینی دەست پێ دەكات، لەگەڵ فیلمی "خاڵم جینز" كە لەلایەن بڕوا وەهابپوور دەرهێنراوە، لە سینەمای بابیلۆن میتە لە رۆزا لۆكسمبۆرگ پلاتز لە بەرلین نمایش دەكرێت.

فێستیڤاڵەكە تا یەكی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بەردەوامی دەبێ، لەو ڕۆژانەیش 30 بەڵگەفیلم و كورتە فیلم لەبارەی كوردستان و كوردانی دیاسپۆرا لە نەرویجەوە تا ئەرمینیا بۆ میوانان نمایش دەكرێن.

نووبار لۆرین حەمامچی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیملی كوردی لە بەرلین گوتی، ئەوەی جێی سەرنجڕاكێشە ئەوەیە چۆن مرۆڤ دەتوانێ لە ژێر دۆخی جیاجیای سیاسی و چاودێری چڕەوە، شوناس و فەرهەنگی خۆی بپارێزی و زیاتر بەرەوپێشەوەی ببات.

لە فێستیڤاڵەكەدا چەندان بەڵگە فیلم پێشان دەدرێن كە لە ساڵی 1929 و 1947 و 1930 و 1938 تۆمار كراون و ئێستە وەك بەڵگە فیلم نمایش دەكرێنەوە، ئەوانیش چیرۆكی جیاواز و وردەكاریی ژیانی كوردانی سۆڤییەتی كۆن دەخەنەڕوو.


وشە - باز ئه‌حمه‌د