دكتۆر نەوزاد هەمەوەندی مامۆستایەكی زانكۆ و پسپۆڕی ژمێریاری لە چاوپێكەوتنێكی، لەگەڵ "وشە" باس لەو خاڵە دەكات كە ئێستە عێراق پلانی بۆ داناوە، ئەویش كارنەكردن بەڕێژەی 14%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی ڕێژەكە بۆ 12.67%، بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ بۆ ئەو مەبەستە عێراق چەند هەنگاوێكی ناوە، بۆیە پێویستە نوێنەرانی كورد زۆر وریارتربن و شەڕی 14% بكەن.
گوێمان لە دەنگی پەرلەمانتاران دەبێت كە دەڵێن ڕێژەی كورد 12.67%یە، ئەمە بۆچی؟
پێشتر پشكی هەرێمی كوردستان 12.67% بوو، بۆیە بۆ ڕێژەی 14% دەبێت كاری سەختی بۆ بكرێت، تا نوێنەرانی هەرێمی كوردستان نەتوانن قەناعەت بە نوێنەرانی لایەنەكانی تر بكەن كە پشكی هەرێمی كوردستان زیاد بكەن، ئەوا ئەگەری گۆڕینی ئەو ڕێژەیە هەیە.
چی بكرێت جگە لە نوێنەران بۆ ئەوەی ئەو ڕێژەیەی 14% جێگیر بكرێت؟
لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ ئەو مەبەستە یەكدەنگ بن، ئەگەر هەرێمی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت رێژەی هەرێمی كوردستان جێگیر بكات، ئەوا زۆرباش دەبێت و بەرهەمەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت.
سەرژمێری كراوە و رێژەی هەرێمی كوردستان 14% بووە، بەڵام ئێستە ئەو ڕێژە بۆچی دەیانەوێت كاری پێنەكەن؟
حكوومەتی عێراق سەرژمێری وەك بابەتێكی سیاسی لێكدەداتەوە، چونكە حكوومەتی عێراق ئێستە دەیەوێ فێرخوازانی باشووری عێراق و كرێكاران و ئاوارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش بەو رێژەیە لێكدەداتەوە، ئەوەیش بابەتێكی سیاسییە و دەیانەوێ پشكی كورد كەم بكەنەوە.
سەرژمێری كراوەتە كاری گوشار و بەرژەوەندیی سیاسی؟
ئەو سیاسەتەی حكوومەتی عێراق پێڕەوی دەكات كە ناوچە هاوبەشەكان وەك شوێنی هەرێمی كوردستان حیسابی دەكات وەك مەخموور و شنگال و چەند شوێنێكی تر، بۆیە عێراق دەیەوێ رێژەكە 12.67% حیساب بكات و ئەو ناوچانەش لەسەر ئەو ڕێژەیە دابنێت.
مەترسیی كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان راستەقینەیە و ئەگەری كەمكردنەوەی هەیە؟
ناكۆكی هەیە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەرپرسانە مامەڵە بكەن، هەوڵی بەرزكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بدەن و حكوومەتیش كاری لەسەر كردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو ڕێژەیە جێگیر بكرێت.