12 كتێبی زانایانی كورد چاپ دەكرێت.. یەكێكیان كتێبەكەی مەلا ئیدریسی بەدلیسییە لەبارەی پەتاناسی

:: PM:12:15:26/09/2026 ‌
د. هەریدی مەهدی رای گەیاند، 12 كتێبیان چاپ كردووە لە بواری مێژووی كورد،  دەستنووسی زانا و مێژوونووسانی كوردن و جۆرێكی تری راستكردنەوەی ئەو مێژووەن كە چەندان ساڵە بیانییەكان بۆیان نووسیونەتەوە.

د. هەردی مەهدی بۆ "وشە" گوتی، ئەم هەوڵە كۆمەڵێك بەڵگەنامەن كە ماوەی چەند ساڵێكە وەك ناوەندی كوردستان كۆمان كردووەتەوە، بەشێكیان دیجیتاڵین و بەشێكیان ئۆرجیناڵن،  ئۆرجیناڵەكانیش  لە ماڵان  و دەزگاكانی حكوومەت و حزبەكان كۆ كراونەتەوە، بەشێكیشیان لە دەرەوە بوون و كۆ كراونەتەوە. سەخت بوو كۆكردنەوەیان، بەڵام كارێكی گرنگ بوو، شایانی ئەوە بوون ماندوو بین.

باسی لەوەش كرد، ئەم كتێبانە گرنگییان ئەوەیە مێژوو راست دەكەنەوە، چونكە ئەوەی پێشتر هەبوو ئەوانی تر بۆ كوردیان نووسیوەتەوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە دەستنووسی زانا و تێكۆشەرانی كورد بوون و پێمان وایە ئەمانە بێلایەنتر و زانستیترن.

یەكێك لە كتێبەكان دەستنووسێكی دەگمەنی حەكیم و ناوداری كورد "مەلا ئیدریسی بەدلیسییە" لەبارەی پەتاناسی و ڕێكارەكانی خۆپارێزی، لەگەڵیدا شیكارییەكی مێژوویی و چەمكسازیی گشتگیر بۆ مێژووی تەشەنەسەندنی پەتاكان لە دنیا و شارستانیی ئیسلامیدا خراوەتە ڕوو.

وەك پەتا لە مێژووی دنیا و ڕۆژهەڵاتدا، پێداچوونەوە بە پەتا كوشندەكانی مێژوو وەك تاعوونی جستیان، مەرگی ڕەش و تاعوونی مەزنی لەندەن و كاریگەرییان لەسەر داڕمانی ئیمپراتۆرییەكان، تێكشكانی سوپاكان و گۆڕینی دیمۆگرافیای دنیان.

 لە كتێبەكەدا  شیكردنەوەی شەپۆلەكانی پەتا لە سەردەمی دەوڵەتە ئیسلامییەكان  ڕاشیدین، ئەمەوی، عەباسی، ئەیووبی و مەمالیك و زیانەكانی لەسەر شارەكانی كوردستان وەك "نوسەیبین، حەسەنكێف، مووسڵ و شارەزوور" كراوە.

 بەدلیسی بەرپەرچی فەتوا داخراوەكانی سەردەمی خۆی داوەتەوە كە خۆلادانیان لە پەتا بە حەرام دەزانی، لە بەرانبەردا داوای عەقڵانییەت، مرۆڤتەوەری و پێڕەوكردنی ڕێكاری تەندروستیی كردووە.

  دەستنووسەكە بە یەكێك لە 50 بەرهەمی مێژوویی بەردەست دادەنرێت لە مێژووی شارستانیی ئیسلامیدا كە تا سەردەمی بەدلیسی لەسەر پەتاناسی نووسراون.



وشە - سۆران عەزیز