بهپێی گوتەی سەرچاوەیەكی تەناهی، شەوی رابردوو لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كەركووك، گوندێكی پارێزگاكە هاوەنباران كراوە و لە ئەنجامدا ژنێك كوژراوە و دوو كەسی تری سڤیل بەسەختی بریندارن.
بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە كە قسەی بۆ پێگەی "
شەفەق نیوز" كردووە، شەوی رابردوو چەكدارانی داعش بە هاوەن هێرشیان كردووەتە سەر گوندی مەلەحەی سنووری پارێزگاكە، بەهۆیەوە ژنێك كوژراوە و دوو كەسی تریش بە سەختی بریندارن، پێشبینی دەكرێ ژمارەی قوربانییان بەرزتر ببێتەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە بەهۆی هێرشەكەوە هێزێكی تەناهی گەمارۆی گوندەكەیان داوە و پشكنین و لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە، هەوڵ دەدەن سەرچاوەی هێرشەكە دەستنیشان بكەن، تا بتوانن رێگە لە دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوە بگرن.
ئەو هێرشەی داعش دوای ئەوە هات كە رۆژێك پێشتر هێزێكی تەناهیی عێراقی لە هەڵمەتێكیاندا بۆ ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك، لێكۆڵینەوە پشكنینیان كردووە بەمەبەستی راوەدوونانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی كەسانی سڤیل و گوندە ئارامەكانی ناوچەكە.