كەوتینە ناو سەرەتای وەرزی پایز و كەش بەگشتی و پلەكانی گەرما گۆڕانكاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، پسپۆرانی تەندروستی هۆشداریی بە باوك و دایكان دەدەن كە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەوە پارێزگاری لە تەندروستیی منداڵەكانیان بكەن، بەتایبەتی كە دەرگای قوتابخانەكان كراوەتەوە و ئەگەری زۆرە منداڵان زیاتر تووشی ئەنفلەوەنزا و هەڵامەت ببن.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ یەكشەم 27ی ئەیلوول، زانیاریی لە پسپۆرانی تەندروستیی وەرگرتووە كە لەبارەی گۆڕانی كەش و تووشبوونی منداڵان بە ئەنفلەوەنزا و هەڵامەت زانیاریی دەخەنەڕوو، ئاماژە بەوە دەدەن كە پاكوخاوێنیی مەرجی سەرەكیی دووركەوتنەوەی منداڵانە لەو نەخۆشییانەی بەهۆی گۆڕانی كەشەوە تووشیان دەبێت، بۆ نموونە بەردەوام بەرلە خواردن و دوای خواردنیش دەستەكان بە سابوون بێنە شوشتن، هاوكات لە كاتی كۆكین و پژمیندا دەستەسڕ یان كلێنس بۆ داپۆشینی دەم و لووتیان بەكار بێنن. بەشێوەیەكی گشتی دەبێ منداڵ فێری ئەوە بكرێ ئەگەر دەستی خاوێن نەبێت، دەست بۆ چاو یان لووت و دەمی نەبات.
پسپۆران رێنوێنی دەكەن كە زۆر گرنگە وریای هەواگۆڕكێ و ناو ماڵ و ژوورەكان بن، ئەگەری زۆرە ڤایرۆس ئاسانتر لەو رێگەیەوە بگوازرێتەوە، هەروەها لە گۆڕانی كەشی ساردەوە بۆ گەرم یان بەپێچەوانەوە، پێویستە منداڵ بپارێزرێت، چونكە ئەگەری زۆرە لەوكاتەدا تووشی نەخۆشییەكان بن.
رێنوێنیی ئەوەیش دەخەنەڕوو كە خۆراكی تەندروست بۆ منداڵ بە دژی نەخۆشییەكان زۆر پێویستە، بەتایبەتی خۆرامی هاوسەنگ و هەمەجۆری وەك میوە و سەوزەواتەكان و سەرچاوەكانی پرۆتین، لەگەڵیاندا رێژەیەكی باشی شلەمەنی، هەموو ئەوانە هاوكار دەبن لەوەی تووشی ئەنفلەوەنزا و هەڵامەت نەبێت.
پسپۆران دووپات لەوە دەكەنەوە كە كاتێك منداڵ تووشی ئەو نەخۆشییانە دەبێت، ناكرێ راستەوخۆ دەرمانی پێ بدرێت، چونكە مەرج نییە نەخۆشییەكە ڤایرۆسی بێت، بەتایبەتی كاتێك تووشی هەناسەسواری و تایەكی زۆر دەبێت، پێویستە سەردانی پزیشكی تایبەت بە منداڵ بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.