ماوەیەكە هەندێك كەس و رێكخراو بوونەتە پۆلیسی ئاداب و هەر شتێكیان بەدڵ نەبێت، سكاڵای دژی تۆمار دەكەن، ئەوەش كێشەی بۆ ئازادی و كرانەوەی كۆمەڵایەتی دروست كردووە، هونەرمەندێكی دیار كورد رەتكردنەوەی ئەمجۆرە كارانە بە فكری داعش دەزانێت.
لە رۆژانی رابردوودا گۆرانییەكی كۆن لەلایەن هونەرمەند سەنا بەرزنجی و باوكیەوە نوێ كرایەوە، گۆرانییەكە پێشتر ئەحمەد شەماڵ گوتوویەتی و چەندان ساڵە دەماودەم دەگوترێتەوە.
ئەو گۆرانییەی سەنا لە فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان مشتومڕی دروست كردووە و بەشێك لە خەڵك پێیان وایە لەگەڵ ئادابی گشتی ناگونجێت.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە ماوەیەكە هەندێك كەس و رێكخراو لە هەولێرەوە، بوونەتە دەمڕاستی ئادابی گشتی و هەرچییان بەدڵ نەبێت لە دادگا سكاڵا لە دژی تۆمار دەكەن.
لەمبارەیەوە چەندان كەس رەخنەی ئەو كەس و رێكخراوانەی كردووە كە ئێوە چ لەو بابەتانە دەزانن وا بوونەتە دەمڕاستی ئەخلاق و شیرازەی كۆمەڵایەتی، بەردەوام خەریكی سكاڵان لە كەسانێك كە پێیان وایە كارێكیان بۆ هونەر و كرانەوەی كۆمەڵی كوردی كردووە. ئەمانە پێشتریش دژی كۆمەڵێك ژنی چالاك سكاڵایان تۆمار كردووە.
لەمبارەیەوە ئەمەل سەعید كوردە رای گەیاندووە، ئەم كلیپەی سەنا و باوكی كوردەواریترین گرتەی تێدایە، بۆچی بەو بیركردنەوە سەقەتە داعشییانەیە بیری لێ دەكەنەوە؟
هونەرمەند ئەمەل سەعید كوردە دەڵێت، ئەم ماستە گوریسێكی تێدایە، لای كێوەیە نازانم؟ ئەگەرنا مانای نییە ئەو هەموو ساڵە ئەو گۆرانییە گوتراوە و هۆنراوەكەی دژی كەس نەبووە، ئێستە دژی ئادابی گشتییە، هۆنراوەكەی پێشتر هەبووە، بڕۆن یەخەی فۆلكلۆر بگرن كە زۆر هۆنراوەكانی ئیرۆتیكین. پاشان باوكی دەڵێ: (مەیلەنگێنە) كەواتە وەك ئامۆژگارییەك بە كچەكەی دەڵێ، بۆ بەم شێوەیە بیری لێ ناكەنەوە؟ بۆ بەو بیركردنەوە سەقەتە داعشییانەیە بیری لێ دەكەنەوە.
بەشێك لە خانمانی كورد لەبارەی ئەو هەرایەی دروست كراوە باس لەوە دەكەن، پێشتر پیاوێك ئەو گۆرانییەی گوت و باسی مەمكی ئافرەتی كرد، كەس كێشەی نەبوو، بەڵام ئەمجارە كە ژنێك هاتووەتە پێش و لەگەڵ پیاوێكدا ئەو باسە دەكەن، پیاوی كورد تووشی هیسترا دەبێت، چونكە ژنێكە باسی مەمك دەكات.