پسپۆرێكی بواری هەناو هۆشداریی دەدات بەوەی خۆشوشتن بە ئاوی گەرم و سارد ئاساییە و مەترسییە نییە، بەڵام ئەگەر ئاوەكە زۆر گەرم یان زۆر سارد بێت، ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی سەرسوڕان و بوورانەوە بێت، كەوتنیش بە بوورانەوە لەناو گەرماو مەترسیی خۆی هەیە.
ئەیمەن رەشوان كە پزیشكی بواری هەناوە و بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەبارەی مەترسیی خۆشوشتن بە ئاوی زۆر گەرم یان زۆر سارد دەڵێت، خۆی خۆشوشتن بە ئاوی گەرم یان سارد هیچ مەترسییەكی نییە و ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئاوەكە زۆر گەرم یان زۆر سارد بێت، هاوكات ئاو پێداكردنەكە بەسەر سەر و جەستە بە خێرایی و لە ناكاو بێت، ئەوكات ئەگەری زۆرە كەسەكە تووشی سەرسوڕان یان بوورانەوە بێت، ئەوەیش مەترسیی زۆری هەیە و وریایی دەوێت.
ئەو پزیشكە زیاتر گوتی، مەترسیی حاڵەتەكە كاتێك دروست دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر كەسەكە لە ناكاو لە خەو هەستێت و راستەوخۆ بچێت بە ئاوی زۆر گەرم یان زۆر سارد خۆی بشوات، ئەوكات جەستە كاردانەوەی دەبێت و كەسەكە تووشی سەرسوڕان یان بوورانەوە دەبێت، چونكە لەو كاتەدا پاڵەپەستۆی خوێن زۆر نزم دەبێتەوە، بۆیە حاڵەتەكە دروست دەبێت.
د. ئەیمەن رەشوان دووپاتی دەكاتەوە، لە كاتی خۆشوشتن بە ئاوی زۆر گەرم یان سارد، كاریگەریی لەسەر مێشك دەبێت، بەتایبەتی ئاوی گەرم كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر مێشك و دڵ دەبێت. لەو كاتەدا لێدانی دڵ لاواز دەبێت و پاڵەپەستۆی خوێن نزم دەبێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی پێشتریش نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبێت، زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبن.
لەبارەی مەترسییەكانیش پزیشكەكە دەڵێت، مەترسییەكە تەنیا لەسەر ئەوە نییە كە كەسەكە دەبوورێتەوە، بەڵكو لەگەڵ بوورانەوەكە دەكەوێت و ئەگەری هەیە تووشی رووداوی شكان یان برینداریی لەناو گەرماوەكەدا بێت، خۆ ئەگەر كەسەكە لەناو ماڵدا بە تەنیا بێت، ئەوكات مەترسییەكە زیاتر دەبێت.
دواتریش ئەو پزیشكە ئامۆژگاری دەخاتەڕوو و دەڵێت، زۆر گرنگە خۆشوشتن بە خێرایی و لە ناكاو نەبێت، بۆ نموونە كەسێك دەوامی هەیە و دەیەوێ بە پەلە خۆی بشوات و بگاتە دەوامەكەی، بەیانی لە خەو هەڵدەستێت و بە خێرایی خۆی دەشوات، هاوكات بە ناكاو و خێرایی ئاوی زۆر گەرم یان زۆر سارد دەخاتە سەر سەر و جەستەی، ئەوكات مەترسییەكە دەردەكەوێت، بۆیە باشترە لە خۆشوشتندا پەلە نەكرێ و ئاوی نیمچەگەرمی ئاسایی بەكار بهێنرێت.