موزیك و گۆرانی راهێنانێكی رژدی مێشكە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی

:: PM:02:39:28/09/2026 ‌
موزیك و گۆرانی بۆ سەرجەم قۆناغەكانی تەمەن زۆر بەسوودە، بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون. زانایانی بواری مێشك دووپات دەكەنەوە كە گۆرانی و موزیك بۆ مێشك باشتریان راهێنانە، بۆیە زۆر گرنگە بایەخ بەم بوارە بدرێ و گوێگرتن لە موزیك و گۆرانی، بكرێتە ئەركێك بۆ تەندروستیی مرۆڤ.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، هەواڵەكەی لە پێگەی wgn- tv وەرگرتووە و پسپۆران ئاماژەیان داوە، كاتێك شكسپیر ئەو دەستەواژەیەی "ئەگەر موزیك خۆراكی خۆشەویستی بێت، بەردەوام بن لە ژەنین" بەردەوام دەگوتەوە، بیری لەوە نەكردبووە كە گۆرانیش خۆراكی مێشكە. بۆ ئەوەیش د. سیما پاتیل پسپۆڕی بواری مێشك لە دامەزراوەی "ئیندیفۆر هێڵس" دەڵێت، مێشكیش وەك ماسولكەیە، بۆیە پێویستە بەجۆرێك بەكاری بینین و بەهێزی بكەین، بەردەوام لە چالاكیدا بێت.

ماری گیلیسپیش دەڵێت ئارەزووی لە گۆرانی هەیە و حەز دەكات بەردەوام بیڵێت، چونكە ئەوە پێوەندیی بە هەستكردن بە خۆشییەوە هەیە، هاوكات پێوەندیی زۆری بە رۆحی مرۆڤایەتییەوە هەیە، كاتێك گوێ لە چەند پەیژەیەكی موزیكی دەگرێت، زیاتر هەست بەو پێوەندییە كۆمەڵایەتییەوە دەكەیت، هەموو ئەوانە كاریگەریی ئەرێنی زۆریان لەسەر مێشك دەبێت. 

ئەو پسپۆرە زیاتر دەڵێت، راستە خۆی گۆرانیبێژ نییە، بەڵام بەلایەوە گرنگە فێری ئامێرێكی موزیك بێت وەك گیتار و پیانۆ یان هەر ئامێرێكی تر كە مرۆڤ خۆی حەزی پێ دەكات، چونكە گوێگرتن لە موزیك یان ژەنینی، مێشك چالاكتر دەكات بەتایبەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی رۆژانەی.

دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە گۆرانیگوتن یان گوێگرتن لێی یاخۆ موزیك، جیا لە مێشك، سوودی بۆ تەواوی تەندروستیی جەستەی مرۆڤ هەیە، چونكە لەگەڵ گوێگرتن لە موزیك و ریتمەكان، كاریگەرییە ئەرێنییەكان دەكەوێتە سەر تەواوی جەستە و سوود بە تەندروستیی گشتی دەگەیەنێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د