دوو پردی پەڕینەوە و چەندان پارك و كافتریا لە رێڕەوی ژیان دێتە دروست كردن

:: PM:06:32:28/09/2026 ‌
كاركردن لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی رێڕەوی ژیان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و ڕۆژانە 19 سەعات كار لە پڕۆژەكەدا دەكرێت، بە گوتەی ئەندازیاری پڕۆژەكە، بەمزووانە پارك و كافتریا دروست دەكرێ تا هاووڵاتییان بتووانن سەردانی بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، ئەندازیارێكی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تەواوی كارەكانی ژێرەوەی كەناڵی پڕۆژەی رێڕۆی ژیان، بە تەواوی كۆتایییان پێ هاتووە و لە ئێستەدا كار لەسەر تەنیشتەكانی پڕۆژەكە دەكرێت، دوای ئەوەیش ڕاستەوخۆ دەست دەكرێت بە دروستكردنی پارك و كافتریای دەوروبەری.

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە دەست كراوە بە كاركردن لە دروستكردنی دوو پردی پەڕینەوە لە ناو پڕۆژەكەدا.

لەبارەی شێوازی كاركردنی ڕۆژانەیان ئەو گوتی، دەمانەوێ بە زووترین كات ئەم پڕۆژەیە تەواو ببێ و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییەنەوە، بۆیە رۆژانە لە سەعات حەوتی بەیانییەوە دەست بە كار دەكەین تا دووی شەو و جاری وایش هەیە درەنگتر.

رێڕەوی ژیان بەردی بناغەكەی لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە دانراوە، كاركردن بەشێوەیەكی خێرا تێیدا بەردەوامە و یەكێكە لە پڕۆژە جوانەكانی هەولێر. 



وشە - پێشەنگ مەحموود