بۆچی ئازاری جومگە بە سەرما زیاتر دەبێت؟

:: PM:08:02:28/09/2026 ‌

ئازاری جومگەكان یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستییەكانی زۆر كەس بە دەستییەوە دەناڵێنن، چەند هۆكارێكی هەیە و رەنگە كار لە ژیانی ئەو كەسە بكات كە تووشی دەبێت، ئەو ئازارە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەی گەرمی و سەرما زیاتر دەبێت، كە لە ئەنجامی دابەزینی پەستانی هەوا دروست دەبێت، دەبێتە هۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێن و زیادبوونی لینجیی شلەی ناو جومگەكان.

شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ساردی و شێ ئازاری جومگە زیاتر دەكەن، كار لە ماسولكە و بەستەرەكان و جومگە دەكەن و وشكیان دەكەن و ئازاریان دەبێت، دابەزینی پەستانی هەوا لە كەشوهەوای سارد، دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی شانە و كەپسوولی دەوروبەری جومگەكان، ئەوەش پەستان دەخاتە سەر كۆتای هەستە دەمارەكان، لە كاتی سەرمادا شلەی ناو جومگەكان لینجتر و نەرمییەكەی كەمتر دەبێت، بەوەش كێشە و ئازار بۆ جووڵانەوەی دروست دەكات.

سەرما دەبێتە هۆی گرژبوونی لوولەكانی خوێن لە پەلەكان، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئەو خوێنەی پێیان دەگات و ماسولكە و جومگەكان وشك هەڵدەگەڕێن، كەمیی جووڵانەوەی بە سەرما و كورتبوونی سەعاتەكانی رۆژ، دەبنە هۆی كەمیی جیڕیی ماسولكە و جومگەكان، بۆیە پێویستە بە زستان و وەرزی سەرما پۆشاكی گەرم بپۆشرێت بۆ پاراستنی جومگەكان لە هەوای سارد و وەرزشی سووك لە ناو ماڵ بكرێت بۆ گەیشتنی خوێن و پاراستنی جیڕیی ماسولكەكان، خۆشووشتن بە ئاوی گەرم بۆ كەمكردنەوەی وشكهەڵگەڕانی ماسولكەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل