ماوەی چەند رۆژێكە نرخی بەنزینی بازرگانی لە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان رووی لە دابەزین كردووە، بەپێی زانیارییەكان لە رۆژی شەمووی داهاتووەوە زیاتر دادەبەزێت.
لەم چەند رۆژەدا نرخی بەنزین لە دهۆك 300 تا 500 دینار دابەزیوە، ئێستە نرخی لیترێك جۆرەكانی بەنزین لە دهۆك بەم شێوەیەیە، نۆرماڵ هەزار و 300 دینار، موحەسەن هەزار و 925 دینار، سوپەر دوو هەزار و 250 دینار.
لە هەولێریش بەردەوام نرخ دێتە خوارەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لیترێك بەنزین 450 دینار دابەزیوە و پێشبینی دەكرێت زیاتر داببەزێت.
ئێستە لە هەولێر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە هەزار و 350 دینارە، موحەسەن بە هەزار و 800 دینار، سوپەریش هەزار و 900 دینارە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سەرەتای هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر بەنزین هێنراوە، بەڵام لە رۆژی پێنجشەمەوە دابەش دەكرێت.
ئەو بەنزینەی هێنراوە نرخی كەمتری پێ دراوە، بۆیە بەكەمتر لەوەی ئێستە لە بازاڕدایە دەفرۆشرێت، چاوەڕِێ دەكرێت بە بازاڕكردنی ئەو بەنزینە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەی بەتەواوی دابەزێت.
لەبارەی بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكوومەتی هەرێم كە بەنرخی 750 دینار دەیداتە شۆفێران، جگە لەوەی بڕەكەی زیاتر كراوە، بەنزینخانەكانیش زیاتر كراون، هاوكات ئۆكتانی 93 و شۆفێران پێیان وایە باشترین بەنزینە.
بەپێی ئامارەكان، ئێستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكەن، هاوكات دابەشكردن كراوە بەدوو شەفت، بەیانیان و ئێواران، ئەوەش وایكردووە بەتەواوی نۆرەی بەنزین كەم ببێتەوە، لە هەندێك شوێنی هەولێر ئێستە بەكەمتر لە نیو سەعات بەنزین وەردەگیرێت.