بڕیارە تا سبەی چوارشەم هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دوا بنكەكانی خۆیان ڕادەستی هێزەكانی عێراق بكەنەوە و بە تەواوی لەو وڵاتە بوونیان نەمێنێت، دوای نەمانیشیان ئێران و هاوپەیمانەكانی ئاهەنگ دەگێڕن، بەهۆی سەركەوتنیان و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی عێراق لەلایەن ئەوانەوە، دوای ئەوەی ئەمەریكا لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 500 سەربازی لە عێراق كوژرا و بە ملیاران دۆلاریشی لەو وڵاتە خەرج كرد.
شارەزایانی تەناهی دەڵێن، پاشەكشەی ئەمەریكا لە عێراق لە میانەی ڕێككەوتنێكی نێوان واشنتن و بەغدایە كە لە 2024 و لە سەردەمی حوكمی جۆ بایدن واژووی لەسەر كراوە و ئێستەیش حكوومەتی ترەمپ جێبەجێی دەكات. ئەو هەنگاوەیش دەرگەی تەواوی عێراق بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی واڵا دەكات، لەوانەیشە نەیارانی تری واشنتن یان ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆی بگەڕێنەوە و هەژموون بە تەواوی بەسەر عێراق بسەپێنن و هەنگاو بە هەنگاو بە ئاراستەی دژایەتیكردنی واشنتن بیگۆڕن.
جاسم بەهادلی شرۆڤەكاری دۆخی تەناهیی عێراق و شارەزا لە دۆسیەی میلیشیا شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران، لەوبارەیەوە بۆ "
ڕۆیتەرز" گوتی، چاوەڕوان دەكرێ ئێران سوودی ستراتیجی و گەورە لە دەرچوونی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق ببینێت، چونكە بوونی هێزی سەربازیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ساڵانی ڕابردوو، كۆسپێكی گەورە بوو لە بەردەم پەرەسەندنی زیاتری هەژموونی ئێران و كاریگەری زیاتری میلیشیاكانی ئێران لە عێراق.
زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێ میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێران، نەمانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق دەكرێ، وەك سەركەوتن و دەستكەوتێكی گەورە پێشان بدرێت، هاوكات ئەم دەرفەتەیش دەقۆزنەوە، تا كاریگەریی گەورەتر و زیاتریان بەسەر پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری تەناهی و سیاسی لە عێراق هەبێت.
لەلایەكی ترەوە ئەبو موجتەبا یاسری سەركردە لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە هاوپەیمانی میلیشیاكانی ئێرانە لە عێراق گوتی، كشانەوەی ئەمەریكا سەركەوتنێكی گەورە و مێژووییە بۆ بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و شكستێكی گەورەی پڕۆژەی ئەمەریكییە لە عێراق.
زیاتر گوتی، سبەی 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ئاهەنگ دەگێڕێن، بە نەهێشتنی لاپەڕەیەكی ڕەش لە مێژووی عێراق و شكستهێنان بە داگیركاری و سەپێنەری ئیرادەی ئەمەریكا بەسەر وڵاتەكەمان، عێراق بەمشێوەیە دەیسەلمێنێت كە سەروەریی خۆی دەپارێزێت و ڕێگە نادات لەلایەن هێزی بیانییەوە پێشێل بكرێ، ئەمەیش لە ڕێی بەرەی موقاوەمە و ئیرادەی گەلەوە هاتە دی.
وا دەردەكەوێ كە ڕێژەیەكی فراوانی عێراقییەكان پشتیوانی دەرچوونی ئەمەریكییەكان لە وڵاتەكەیان دەكەن، بەڵام لە تەك ئەوەیشدا بەشێكی تری عێراقییەكان هەست بە نیگەرانی دەكەن و مەترسی ئەوەیان هەیە، میلیشیاكانی ئێران لە عێراق بە تەواوی كۆنترۆڵی باشوور و ناوەڕاستی وڵات بكەن و هیچ ترسێكیان لە كار و كردەوەكانیان نەمێنێت.
عەبدولڕەحمان زەوبەعی شێخی هۆزێكی سوننە لە فەلووجە گوتی، لەو باوەڕەدام عێراق تا ئێستەیش بە تەواوی ئامادە نییە بۆ وەرگرتنی دۆسیەی تەناهیی سەرانسەری وڵات لەو كاتە نەخوازراوەدا. هەموو عێراقییەكان سەروەریی تەواوی وڵاتیان دەوێت، بەڵام كشانەوەی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا بۆشایی دروست دەكات، ئەمەیش زۆرینەی عێراقییەكان لێی دەترسن.
لە دیوێكی ترەوە یەكێك لە داوا سەرەكییەكانی ئێران لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمەریكا، بریتییە لە بردنەدەرەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق لەگەڵ ئەو خواستەی ئێران یەكدەگرێتەوە و زۆر بە گرنگییەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانێت، بەتایبەت كە هەژموونی یەكجار زۆری بەسەر عێراقەوە هەیە.
ئەمیر حەیات موقەدەم جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لەوبارەیەوە گوتی، بە دەرچوونی ئەمەریكییەكان لە عێراق و ناوچەكە، ئارامی و ئاسایشی هەمیشەیی لە عێراق دەستەبەر دەبێت. پێشوازیی لە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق دەكەین و بە تەواوی پشتیوانی ئەو پرۆسەیەن.
بەشێك لە بەرپرسانی تەناهیی عێراق دیوێكی تری كشانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق باس دەكەن كە ئەو كشانەوەیە، ئەگەری زۆرە دەرفەتی دووبارە زیندووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق بڕەخسێنێت، چونكە ئەو ڕێكخراوە تا ئێستەیش تۆڕ و شانەی نوستووی لە ناوچە جیاجیاكان هەیە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی نۆ ساڵە بە تەواوی لە عێراق شكست بەو ڕێكخراوە هێنراوە.
سیروان بارزانی فەرماندەیەكی كورد لەوبارەیەوە دەڵێ، نەبوونی زانیاریی هەواڵگری و پشتیوانی و نەگەیشتنی ئیمداد و درۆنی ئەمەریكی بە ئاسمانەوە، دەرفەتی دووبارە خۆڕێكخستنەوە بە چەكدارانی داعش دەدات.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا جووڵەی شانە نوستووەكانی داعشمان هەست پێ كردووە، لە پەراوێزی ڕاگەیاندنی كشانەوەی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بە فەرمی لە عێراق لە كۆتایی ئەم مانگە، ئەم هەواڵە ورەی چەكدارانی ناو شانە نوستووەكانی داعشی بەرز كردووەتەوە.
ئەمەریكا لە 2003ەوە هەڵمەتی ئازادكردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن ئەنجام دا، دوای كەوتنی ڕژێم، ناوی پرۆسەی ئازادیی عێراقی بۆ داگیركردنی عێراق گۆڕی و تا 2011 زۆرترین هێزی سەربازیی ئەمەریكا لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بوونیان هەبوو، دواتر زۆربەیان عێراقیان جێهێشت و لە نیوەی دووەمی 2014 دووبارە گەڕانەوە عێراق، ئەمەیش بە ملیاران تێچووی خستە سەر شانی ئەمەریكا، جیا لەوەی زیاتر لە چوار هەزار و 500 سەربازی ئەمەریكیش لە عێراق كوژران.