خەیروڵا خەیروڵا لە میدیاكانی لبنانی بابەتێكی لە ڕۆژنامەی "
العرب"ی لەندەنی نووسیوە و دەڵێ، كێ بە كردەیی حوكمی عێراق دەكات؟ وڵاتەكە ئێستە خۆی لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا دەبینێت، لە پەراوێزی بڕیاری ئەمەریكا بۆ ڕێگریی لە فڕۆكەخانەكانی دنیا لە پێشوازیكردن لە فڕۆكەكانی ئێران، سیستمی دەسەڵاتی عێراق تووشی سەرسوڕمان بووە، بەشێك دەیانەوێ حكوومەت چارەسەرێكی مامناوەندی بدۆزێتەوە و بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی عێراق لەو ڕێوشوێنە ببەخشرێن، بەڵام ئەمە كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەمەریكا كارتی گوشاری بەهێزی بەسەر بەغدا هەیە، ئەویش ناردنی دۆلارە بۆ وڵاتەكە كە بەردەوام پێویستی پێیەتی.
حكوومەتی عێراق بە دەست كێشەیەكی گەورە دەناڵێنێت، ئەو كێشەیەیش بریتییە لە كۆكردنەوەی سیستمی سیاسیی عێراق لە دوای 2003 كە لە هەناوی ئەمەریكاوە دروست بوو، لەگەڵ سیستمی ئیسلامیی ئێران كە لە دوای ڕووخانی شا لە 1979 لە ئێران بوونی هەیە، لە نێو سیستمی ئێران پاسداران بوونی هەیە، كە بە كردەیی حوكمی ئێران لە دەستی ئەوانە و سەركەوتوویش بووە لە گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ عێراق، لەو پێناوەیشدا میلیشیاكان و حەشدی شەعبی دامەزرێنران، بیانووی مانەوەی ئەو هێزانەیش بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و بیانییە لە عێراق، بەڵام لە دوای 30ی ئەیلوولەوە ئەو بیانووەیشیان نامێنێت.
هیچ گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لە عێراق ڕوو نادات، ئەگەر ئێران سوور بێ لەسەر حوكمكردن بە چارەنووسی وڵاتەكە، لە ڕێی چەكی میلیشیاكان، چونكە لەو ڕێگەیەوە بە تەواوی دەركەوتووە كە تاران خاوەنی بڕیاری سەرەتا و كۆتاییە لە بەغدا.
ئەمەریكا شكستی هێنا لە هەڵوەشانەوەی ئەو هەژموون و پێوەندییەی نێوان ئێران و عێراق، بەتایبەت دوای دامەزراندنی حەشد و میلیشیاكان كە بوونەتە بەشێك لە دەوڵەتی نوێی عێراق، بە هیچ شێوەیەك دەوڵەتی ئێستە باشتر نییە لەوەی بەر لە 23 ساڵ و لەلایەن بەعسییەكانەوە حوكمی دەكرا.
ئەزموونی عێراق بۆ چیرۆكی شكستی ئەمەریكا گۆڕا، لەو كاتەی جۆرج بۆشی كوڕ بڕیاری لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی لە عێراق دا، لەكارخستنی بەعسییەكان لە حوكمی عێراق كارێكی دروست بوو، بەتایبەت بەهۆی ئەو تاوانانەی كە لە دژی عێراقییەكان ئەنجامیان دا و داگیركردنی كوێت و شەڕ لەگەڵ ئێران، دەكرا بە ڕژدی و بە وردی كار لەسەر دوورخستنەوەی ڕژێمی بەعس و سەدام لە دەسەڵات بكرێت، بەڵام دامەزراندنی پایەی سیستمێكی نوێ وەك ئەوەی ئەمەریكییەكان دەیانویست، وەك ئەوەبوو كە ئێران و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە دەیویست.
عێراق كە چەندان حكوومەتی لێ پێكهات و بەڵێنی زۆریان دا تا هاوسەنگییەكان بگێڕنەوە و دۆخەكە باشتر بكەن، دڵنیاییان لە گەڕانەوە بۆ ناو كۆربەندی وڵاتانی عەرەبی دەدات، بەڵام هەموو ئەو بەڵێن و پەیمانانە هیچ نەبوون، تەنیا خوولانەوە بوون بە ناو بازنەیەكی بۆش، بەهۆی كۆتوبەندەكانی ئێران لەسەر سیستمی سیاسیی عێراق.
ئەمە تەنیا باسكردن نییە لەوەی ئێران خاكی عێراق بەكار دەهێنێت، بۆ بۆردمانكردنی سعوودیە و وڵاتانی كەنداو لە ڕێی درۆن و مووشەكەوە، بگرە هیچ گۆڕانكییەكی ڕاستەقینەیش لە عێراق ڕوو نادات، تا هاوكێشەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە عێراق بە تەواوی هەڵنەوەشێنرێنەوە.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بە هەمانشێوە، نابێتە هۆی دەستكراوەیی حكوومەت بەرانبەر بە میلیشیاكان و دەرچوون لەو ئەجێندایەی كە ئێران بۆ حكوومەتی زەیدی دیاریی كردووە، تا لەو ئەجێندایە حكوومەت دەربازی نەبێت، ناتوانرێ بەڵێنەكانی بە خەڵكی عێراق و سەرۆكی ئەمەریكایشی داوە جێبەجێیان بكات.
ئێران زۆرباش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكییەكان بكات و سوود لە گۆڕینی حكوومەتەكانی ئەمەریكا وەربگرێت، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و حكوومەتەكەی زۆر بە قورسی بۆردمانی ئێرانیان كرد، بەڵام ئینكارییەكانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر دەبێت، عێراق تا ئێستەیش كارتێكی گوشاری دەستی ئێرانە دژی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو، چەند جارێكیش بۆ بۆردمانكردنی سعوودیە و كوێت بەكار هێنرا.
هەڵوێست و هەنگاوەكانی ئێستەی ئەمەریكا وا دەردەكەوێ بە تەواوی لە دۆخی ناوچەكە نەگەیشتووە، بەتایبەت كە پێوەندیی نێوان پاسداران و حەشدی شەعبی پەراوێز خستووە كە ئەو پێوەندییە بەڵگەیە لەسەر قووڵی بوونی ئێران لە عێراق، نەتوانینی ئەمەریكا لە تێگەیشتن لە سروشتی ئەو جۆرە پێوەندییە و بوونی ئێران لە عێراق، وا دەكات گرفتەكان بە چارەسەرنەكراوی بمێننەوە.
بەمشێوەیە ئێران سوودمەندی سەرەكییە بۆ هەموو ئەو كارانەی ئەمەریكا لە عێراق ئەنجامی دا، بەهۆی نەزانین و بێ ئاگایی حكوومەتەكانی ئەمەریكا لە ئاستی وەلای حكوومەتەكانی عێراق بۆ سوپای پاسداران، كە تەنیا هەندێ حكوومەت وەلای پاسدارانیان بەسەرەوە كەم بوو، نەك نەبوو، ئەمەیش یەكجار كەم و دەگمەنن.
بوونی هێزی ئێرانی لە عێراق وا دەكات، حكوومەت نەتوانێ هیچ هەنگاو و بڕیارێك بهاوێژێت، ئێستە كە دۆسیەی فڕۆكەخانەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ فڕۆكەكانی ئێران لە ئارادایە، حكوومەتی بەغدا لە ژێر تاقیكردنەوەدایە و ئەمەریكایش بەهەمانشێوە، ئایا دەتوانێ بەغدا ملكەچ بكات تا پابەندی سزادانی ئێران بێت، یان عێراق دەتوانێ لە ژێر هەژموونی حەشد و پاسداران دەربچێ و پابەندی ئەو سزا و گەمارۆیانە بێت.