چۆن بتوانرێ سەوزە و میوە بۆ ماوەیەكی درێژ بپارێزرێن؟

:: PM:12:02:29/09/2026 ‌
سەوزە و میوە لەو خۆراكانەن كە بەردەوام لە ماڵەكاندا هەن و دەخورێن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو جۆرە خۆراكانە بە زوویی تێكدەچن، گرنگە بۆ مانەوەیان بۆ ماوەیەكی درێژ، هەندێك رێنوێنی هەن جێبەجێ بكرێن، لەلایەك بۆ مانەوەیان بە پاكی و لەلایەكی تریشەوە بۆ نەگەیشتنی زیان بە تەندروستی.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری، زانیارییەكانی لە ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی وەرگرتووە كە ئاماژە بە مانەوەی سەوزە و میوە بۆ ماوەیەكی درێژ دەكەن. ئەوان دەڵێن گرنگە بزانرێ هەڵگرتنی سەوزە و میوە چۆن دەبێت كە هەندێكیان لەوانی تر جیاوازن. بەرلە هەر شتێك باس لەوە دەكەن كە ئەو جۆرە خۆراكانە بەرلە كڕینیان، پێویستە بزانرێ تێكنەچووبن و كۆن نەبن، دوای كڕینیشیان راستەوخۆ بخرێنە ساردكەرەوە یان لەسەر بەفر دابنرێن.

رێنوێنیی ئەوەیش دەخەنەڕوو كە دوای كڕینی سەوزە یان میوە، بێ ئەوەی بێنە شوشتن بخرێنە ناو ساردكەرەوە، كاتێك كاتی خواردنی هات، ئەوكات بێنە شوشتن، خۆ ئەگەر لە دوای كڕینیان هاتنە شوشتن، باشترە لە دوای شوشتیان، بەباشی بسڕینەوە ئەوجا بخرێنە ناو ساردكەرەوە. چونكە شێ وا دەكات لەناو ساردكەرەوەیشدا زوو تێكبچن. شوشتنیشیان بە ئاوی پاكی ئاسایی بكرێ نەك پاككەرەوە یاخۆ سابوون.

ئاماژە بەوە دەدەن كە مەرج نییە هەر جۆرە سەوزە و میوەیەك هی ئەوەن بخرێنە ناو ساردكەرەوە، بۆ نموونە پەتاتە و مۆز و پیازی وشك، جێگەیان ساردكەرەوە نییە و باشترە لە شوێنێكی مامناوەندیی كەشوهەوا هەڵبگیرێن. بەڵام بۆ نموونە میوەی فەراولە یان سەوزەی گەڵادار، باشترە بخرێنە ناو ساردكەرەوە.

ئەوەیش دەڵێن كە گرنگە هەندێك میوە لە سەوزە و هەندێك میوەی تر لەناو ساردكەرەوە جیا بكرێنەوە، چونكە لە هەندێكیاندا گازی ئیسیلین بەرهەم دەهێنرێ، ئەویش گازێكە لە كاتی پێگەیشتنی میوە بە سروشتی بەرهەم دەهێنرێت، ئەو جۆرە میوانە بە تێكەڵكردنیان لەگەڵ سەوزە و میوەی تر، كاریگەرییان دەبێ و زۆر زوو تێكدەچن، بۆیە ئەو ئیدارەیەی خۆراكی و دەرمانی ئەمەریكی رێنوێنی دەكەن، ئەو میوانەی ئەو جۆەر گازە بەرهەم دێنن، جیا بكرێنەوە و تێكەڵی سەوزە و میوەی تر نەكرێن.

دواتریش باس لەوە دەكەن كە زۆر پێویستە ئەو جۆرە سەوزە و میوانەی تا ئاستێك لە تێكچوون نزیك دەبنەوە، لە سەوزە و میوەكانی تر جیا بكرێنەوە، لەوەیش زیاتر ئەو سەوزە و میوەیەی نیشانەی تێكچوون و گەنیویی پێوە دیارە، دەستبەجێ دەربكرێن و فڕێ بدرێن تا زیان بە تەندروستیتان نەگەیەنێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د