دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی "ماڵی وەفایی" نوێترین ڕۆمانی نووسەری كورد هنێر سەلیم، بە ناونیشانی "كۆنسێرت بۆ كەڕان" چاپ و بڵاو دەكاتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ماڵی وەفایی، ڕۆمانی "كۆنسێرت بۆ كەڕان" هاوشێوەی هەردوو ڕۆمانی پێشووی نووسەر بە زمانی فڕەنسی نووسراوە، بەڵام ئەوەی ئەم بەرهەمە لە كارەكانی پێشوو جیا دەكاتەوە، شێوازی وەرگێڕانەكەیەتی، ڕۆمانەكە بە مۆدێلی هاوبەشیی ڕاستەوخۆی نێوان هنێر سەلیم و ڕێبین فەتاح بۆ سەر زمانی كوردی هاتووەتە وەرگێڕان.
دەزگاكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوە یەكەمین ئەزموونی هاوشێوەیە لە مێژووی وەرگێڕانی ئەدەبیی كوردیدا كە تێیدا نووسەری دەقەكە و وەرگێڕ، بەشێوەیەكی هاوبەش و ڕاستەوخۆ كار لەسەر گواستنەوەی زمانەوانیی دەقێك بكەن، ئەمەش پارێزگاریی لە ڕۆح و ڕەسەنایەتیی دەقەكە دەكات.
هاوشێوەی كارەكانی پێشووی، هنێر سەلیم لەم ڕۆمانەشدا شێوازێكی داڕشتنی وێنەیی بەكار هێناوە. خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەی دەقەكەدا خۆی لە بەردەم زمانێكی سینەماییدا دەبینێتەوە، ئەوەش خەسڵەتێكی دیاری نووسینەكانی ئەو نووسەر و سینەماكارەیە كە سنووری نێوان شاشەی سینەما و لاپەڕەی كتێبەكانی كاڵ كردووەتەوە.
هنێر سەلیم پێشتر بە دوو ڕۆمانی، پێشوازیی گەرمی لەلایەن خوێنەرانەوە لێ كراوە. یەكەمین ڕۆمانی بە ناونیشانی "تفەنگەكەی باوكم" كە پاش بڵاوكردنەوەی لە فڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٤، دەنگدانەوەی دروست كرد و تا ئێستە بۆ زیاتر لە ٣٠ زمانی زیندووی دنیا (وەك ئینگلیزی، ژاپۆنی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، تاملی، كەتەلانی، باسكی، پورتوگالی، هۆڵەندی، یۆنانی، توركی، عەرەبی و هتد) هاتووەتە وەرگێڕان. بەهۆی بەرفراوانی بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمەوە، ڕەخنەگرانی ئەدەبی نازناوی "باڵوێزی مێژوو، خەبات و ئازاری كورد"یان پێ بەخشیوە.
ڕۆمانی "ئەز و ئەز، ژیانی دوای مردنم"، دووەمین ڕۆمانی هنێر سەلیم بوو كە بە فڕەنسی بڵاو كرایەوە، هەر ساڵی ڕابردوو ڕاستەوخۆ بۆ سەر هەردوو شێوەزاری كوردیی ناوەندی (سۆرانی) و كوردیی سەروو (كرمانجیی ژووروو) هاتووەتە وەرگێڕان، هاوكات بە زمانەكانی وەك توركی و عەرەبیش چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
هەردوو ڕۆمانەكەی پێشووی نووسەر لەلایەن ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر چاپ كراون، پێشوازییەكی كەموێنەیان لەلایەن خوێنەرانی كوردزمانەوە بەدەست هێناوە.
هنێر سەلیم لە ئاداری ١٩٦٤ لە شارۆچكەی ئاكرێ لە باشووری كوردستان لە دایك بووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەهۆی ستەم و چەوساندنەوەی ڕژێمی بەعس، زێدی لەدایكبوونی جێهێشت و ڕووی لە ئیتاڵیا كرد و ئێستە لە فڕەنسا دەژی.