كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق.. ئایا كورد نیگەرانە؟

:: PM:04:13:29/09/2026 ‌
كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دۆخێكی تاقیكردنەوە دەبێت بۆ وڵاتەكە، پێدەچێ‌ گۆڕانكارییەكی رژد لە دۆخی تەناهی بێنێتە كایەوە، بەڵام مەترسییەكانی داعش و نیگەرانییەكانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد بە ئاراستەیەكی تر هەنگاو دەنێت. 

كەشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە كۆتایی ئەم مانگەدا، تەنیا كۆتایی هاتنی هێزێكی سەربازی نییە، بەڵكو گۆڕینی شێوازی ئاسایشی عێراقە بە جۆرێك ئیتر عێراق لەبری ئەوەی پشت بە سیستمی پاراستنی هاوپەیمانان ببەستێ‌، دەبێت پشت بە سیستمی بەرگریی خۆی ببەستێ‌. 

پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا نوێ‌ نییە، بەڵكو بڕیار لە كۆتایی ساڵی 2025 بكشێنەوە، بەڵام دواتر وادەكەی بۆ كۆتایی ئەم مانگە درێژ كرایەوە و بە گوێرەی ڕوونكردنەوەی حكوومەتی عێراق، كشانەوەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە هەولێریش دەكشێنەوە. وەك گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق گوتوویەتی دوای 30ی ئەیلوول هیچ هێزی بیانی لە خاكی عێراق نامێنێت

پێوەست بە هەرێمی كوردستان 
سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە هەرێمی كوردستان لە بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانان نیگەرانن، وەك خۆیان دەڵێن، نەك لەبەر ئەوەی كە لەگەڵ سەروەری نین، بەڵكو هێشتا متمانەی سیاسی و سەربازی لە عێراقدا نییە، هەروەها مەترسیی رژدی سەرهەڵدانەوە داعش هەیە. 

سەرۆك بارزانی لە دوایین چاوپێكەوتنیدا بە ڕوونی ئەوەی باس كردووە كە ترسی هەیە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا داعش سەر هەڵبداتەوە. 

هەروەها مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، نیگەرانیی خۆی نەشاردووەتەوە لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراقدا. 

ساڵح مەلا عومەر چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" گوتی، بابەتەكە تەنیا كشانەوەی ژمارەیەك هێزی سەربازی نییە، بە پێچەوانەوە هیچ سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی بوونی نییە، ناوچەكەیش لەژێر مەترسیدا دەبێت. 

ئەمەریكا لە ساڵی 2003وە لە عێراق هێزی سەربازیی گەورەی هەبوو، لە سەردەمی شەڕدا ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا گەیشتە سەرەوەی 170 هەزار سەرباز /لەچەند سەرچاوەیەك وەرگیراوە/، جیا لەوەی چەندان سیستمی بەرگری جێگیر كران. 

لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا دروست كرا، پێشمەرگەی كوردستان بوون بە هاوبەشی سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییە، بە جۆرێك هەولێر بوو بە گرنگترین ناوەندەكانی هاوپەیمانان بۆ ڕاهێنان و مەشقی سەربازی. 

لە 27ی ئەیلوولی 2024، واشنتن و بەغدا ڕێككەوتن كە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێ بهێنرێت و پێوەندییەكە بگۆڕدرێت بۆ پێوەندیی ئاسایشی دوولایەنەی ئەمەریكا–عێراق، ئێستە قۆناغی كشانەوە دەستی پێ كردووە و هەندێك لە عێراقییەكانیش بەوە خۆشحاڵن. 

بۆچی كوردستان نیگەران دەردەكەوێ‌؟
سەركردایەتیی سیاسیی كورد عاقڵانەتر لەو بابەتە دەڕوانن ئەوان مەترسییەكانی داعش و تێكچوونی دۆخی تەناهیی عێراق دەبینن، هەروەها پێیان وایە هێشتا هێزە چەكدارەكانی عێراق پارچەپارچەن و چەك لە دەستی گرووپە جۆراوجۆرەكاندایە ئەوەیش خۆی مەترسییەكی رژدە. 

چاودێرە سیاسییەكە دەڵێ‌، هەرێمی كوردستان درك بە مەترسییەكان دەكات، چونكە كاتێك هاوپەیمانان دەڕۆن، مەترسیی داعش و چەندان مەترسیی تر سەر هەڵدەداتەوە، جیا لەوەی بەرگریی ئاسمانی گرنگترین خاڵی نیگەرانییەكانە بەهۆی ئەوەى هەرێمی كوردستان بووەتە شوێنی مووشەك و درۆنی ئێران بەهۆی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا. 

لەماوەی ئاڵۆزی نێوان ئەمەریكا و ئێران زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەكی كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، كە زۆرینەی پووچەڵ كراوەتەوە. 

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپاتی كردەوە، كوردستان سیستمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی نییە، كشانەوەی سیستمەكانی بەرگریی ئەمەریكا ئەم كەلێنە دروست دەكات. 

هاوكات وەزارەتی پێشمەرگەیش لە 28ی ئەیلوول ڕای گەیاندووە، كە كشانەوەكە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا ڕوودەدات، نەبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێم، جێی نیگەرانییە.

چەند خاڵێكی گرنگ 
ساڵح مەلا عومەر دەڵێ‌، كوردستان هاوپەیمانی سەرەكییە لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانان و ئەو هاوپەیمانییە بەردەوام دەبێت، كشانەوەكە تەنیا سەربازییە، یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو قۆناغەدا هەنگاوێكی گرنگ بوو كە بەردەوامی بەو هاوپەیمانییەتییە بدات.

جێی ئاماژەیە كە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق گۆڕانێكی بنەڕەتییە لە شێوازی پاراستنی عێراق، بەڵام بە مانای كۆتایی هاتنی هاوكاریی ئەمەریكا نییە.

دۆخی دوای 30ی ئەیلوول زیاتر دەبێتە تاقیكردنەوەی توانای دامەزراوەكانی عێراق و هەرێم، بەجۆرێك توانای بەغدا بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و كۆنترۆڵكردنی چەك، و توانای هەرێم بۆ یەكخستنی پێشمەرگە، دروستكردنی سیستمی بەرگریی نوێ و پاراستنی هاوسەنگییە سیاسییەكانی.


وشە - وشه‌