سبەی كاتێك دوایین هێزەكانی ئەمەریكا عێراق جێ دێڵن، چیتر پرسیارە گرنگەكە ئەوە نابێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی رۆیشتوون چەندە یان ژمارەی بنكە سەربازییەكانی داخراون چەندە؟، بەڵكو پرسیاری گرنگ ئەوەیە رۆژی دوای نەمانی هێزەكانی ئەمەریكا چی روودەدات؟
لە بەغدا، میلیشیاكان خۆیان بۆ چەند ئاهەنگێكی گەورە بە بۆنەی كشانەوەكە ئامادە دەكەن، حكوومەتی عێراق بڕیاری دا چوار رۆژ بەو بۆنەیە بكاتە پشووی فەرمی، سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی هێزە چەكدارەكان دەڵێت، لە دوای 30ی ئەیلوول یەك سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێكی عێراق نامێنێت، لە پشت ئەو دیمەنە، سیاسەتوان و شرۆڤەكاران پرسیارێكی نیگەرانكار دەرووژێنن، گەرەنتی چییە عێراق ئەزموونی دوای 2011 دووبارە ناكاتەوە؟، ئەو كاتەی هێزەكانی ئەمەریكا كشانەوە و دوای چەند ساڵێك رێكخراوی داعش دەركەوت، وەڵامەكەی ئەوەیە كەس كەرنتی نادات، وەك سەرۆك بارزانی ئاماژە دەكات، كەس گەرەنتی راستەقینەی نەگەڕانەوەی داعش ناكات.
میسال ئالووسی سیاسەتوانی دێرین پێی وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، لە سایەی بوونی كردەنیی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق، دەرگە لەبەردەم چەندان مەترسیی تەناهی واڵا دەكات كە ناكرێ پشتگوێ بخرێن، بە لایەنی كەم عاقڵمەندەكان دەزانن كە لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و پاراستنی، عێراق دووچاری مەترسی گەورەی تەناهی دەبێتەوە، لە پێشەوەیان داعش، چونكە ئەو رێكخراوە ون نەبووە و لە بەرزاییەكانی حەمرین هەیە.
ئالووسی ئاماژە دەكات، پاشماوەكانی داعش لە نزیك ناوچەكانی دەرهێنانی نەوت هەن، لە كەركووك و تەلەعفەر و دەوروبەری مووسڵ و حۆران، تا ئێستە بوونیان هەیە و بە دووریش نازانرێت شانەیان لە چەند ناوچەیەكی نزیك بەغدا و لە باشووریش هەبێت، ئەو سیاسەتەوانە پێی وایە ناكرێ كشانەوەكە لەگەڵ ناكۆكیی سیاسی بەر لەوە جیا بكرێتەوە، گوشارەكانی ئێران و میلیشیاكان رۆڵی سەرەكیان لەو كشانەوە هەبوو و بڕیارەكە زیاتر لە عێراقن خزمەتی ئێران و میلیشیا و گەندەڵكاران دەكات.
ئاڵووسی ئاماژە دەكات ئەگەر داعش بمێنێت، میلیشیاكان پاساوی زیاتریان دەست دەكەوێت بۆ بەرهەڵستیكردنی داماڵینی چەك، بۆیە دەكرێ ئەوان سوود لە چالاكییەكانی داعش بۆ مانەوەی چەك و بەردەوامیی دەسەڵات و هێزی ئەوان و ئێران و باڵادەستی بەسەر سیاسەتی عێراقەوە ببینن، جیا لەوە دەكرێ دۆسیەی داعش و رووبەڕووبوونەوەی ببێتە پەردەیەك بۆ داپۆشینی بەردەوامیی گەندەڵی لە كێڵگەكانی نەوت، لە خراپترین ئەگەر دەكرێ ململانێی دەسەڵات و پارە ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی فرەوان تا گەیشتن بە شەڕی ناوخۆیی.
سەبارەت بە لێدوانەكەی سەرۆك بارزانی كە وریایی لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دابوو و باسی هەمان سیناریۆی 2011ی كرد، كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان جێ هێشت و دوای ئەوە داعش دەركەوت، ئالووسی دەڵێت، ئەو قسانە وردن، سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەری دڵسۆزە توانی هەرێمێكی لێبوردە دامەزرێنێت، وریاكردنەوەكەشی لەبارەی ئەو بۆشاییەی كشانەوەی ئەمەریكا رەنگە دروست بكات، شایەنی ئەوەیە بە رژدی وەربگیرێت.
لە وەڵامی ئاخۆ لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، عێراق دەتوانێت رێگری لە گەڕانەوەی داعش بكات؟، ئەسیل نوجێفی سیاسەتوانی سوننە پێی وایە گرەنتییەكی راستەقینە نییە، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هیچ گەرەنتییەكی راستەقینە بۆ نەگەڕانەوەی داعش یان هەر رێكخراوێكی تری توندڕۆ فەراهەم ناكات، ئەو باسی بابەتێكی تر دەكات، ئەویش كۆمەڵگەی سوننەیە، ئەگەر ئەوان داعش رەت بكەنەوە، توانای بڵاوبوونەوەی كەم دەبێت، ئەگەرچی رێگری لە شانەكانی ناكات هێرش ئەنجام بدەن.
روونی كردەوە، ئەگەر هەندێك لە میلیشیاكان بگەڕێنەوە سەر تۆمەتباركردنی كۆمەڵگەی سوننە و گوشار خستنە سەریان، ئەوكات رەنگە عێراق بگەڕێتەوە ناو پشێوی، ئەو پێی وایە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە بەرژەوەندیی عێراق بوو و دژی سەروەری وڵاتەكە نەبووە، یەكەم هۆكاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاش گوشاری میلیشیاكان بوو، كە دەیانەوێ دوژمنداریی نێوان ئێران و ئەمەریكا فرەوان بكەن.