رەنگە كە باسی نەخۆشی و كێشەكان دڵ دەكرێت، بیری مرۆڤ بۆ كەسانی بە تەمەنداچوو بچێت، كەچی بەپێی توێژینەوە نوێكان ئێستە تووشبوون بە كێشەكانی دڵ تەنیا پێوەست بەو توێژە نەماوە و گەنجانیش لە تەمەنی زوو تووشی دەبن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
بەپێی ئامارەكانی دوایی،
نەخۆشییەكانی دڵ یەكەمین هۆكاری مردنن لە دنیا و ساڵانە 20 ملیۆن كەس بەو هۆیەوە دەمرن، كە دەكاتە 32%ی تەواوی حاڵەتەكانی مردن، لە ماوەی دوایی پزیشكان تێبینیان كردووە كە رێژەی تووشبوونی گەنجان بەو نەخۆشییانە زۆر زیادی كردووە، بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی 30 و 45 ساڵی، سەبارەت بە هۆكارەكەی، شارەزایان بە شێوازی ژیانی ئێستەی دەگەڕێننەوە.
لەوانە قەڵەوی و خامۆشی و كەمجووڵانەوە، دانیشتنی زۆر و بەردەوام، واتە زیاتر لە 10 سەعاتی رۆژانە بە دیار كۆمپیۆتەر و لە نووسینگە، ئەوانە كێشەكانی دڵ زیاتر دەكەن، جیا لە جگەرەكێشانی ئەلیكترۆنی و كۆن، دەبنە هۆی زوو گرژبوونی خوێنبەرەكان و تێكچوونی ناوپۆشەكەیان، بەتایبەتی لە حاڵەتی سترێس و گوشاری دەروونی و رارایی درێژخایەن، ئەوانە هەموو مەترسییەكان چەند هێند زیاد دەكەن و دڵی ئەو گەنجانە دەخەنە بەردەم مەترسییەكی زووی كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن.