كۆلا.. خواردنەوەیەك بۆ زیانگەیاندن بە گورچیلەكانمان

:: AM:10:22:30/09/2026 ‌

خواردنەوەی كۆلا كەم كەم كارێكی ئاساییە، بەڵام ئالوودەبوون پێی و زێدەڕۆییكردن لە خواردنەوەی، مەترسیی گەورە لەسەر گورچیلەی مرۆڤ دروست دەكات و بە تەواوی تووشی گرفتیان دەكات.

كۆلا ڕێژەیەكی زۆری ترشی فۆسفۆریكی تێدایە كە وایكردووە جۆرە تامێكی ترشی هەبێ و یارمەتیدەر بێ لەوەی مێشك بەردەوام داوای بكات.

ئەو جۆرە ترشی فۆسفۆریكە بە خێرایی لە جەستە هەڵدەمژرێت، زۆر خواردنەوەی كۆلایش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی فۆسفۆر لە جەستەی مرۆڤدا، لێرەدا گورچیلەكان ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن، بۆ دەردانی فۆسفۆری زیادە لە جەستە و هاوتاكردنی لەگەڵ كالیسیۆم.

لەگەڵ ئەو زیادبوونەی فۆسفۆر لە جەستە، بەهەمانشێوە ڕژێنی دەرەقی هورمۆنی پێویست دەردەدات و یارمەتیی جەستە دەدا لە ڕێكخستنی ئاستی كالیسیۆم و فۆسفۆر لە جەستەی مرۆڤدا،  ئەمەیش كێشەیەكی گەورەی بە دوا دێت، چونكە ناڕێكی لە ڕێكخستنی ئاستی كانزاكان و هۆرمۆنەكان دروست دەكات.

جیا لە ترشی فۆسفۆریك، كۆلا ڕێژەیەكی یەكجار زۆری شەكریشی تێدایە و هەر قوتوویەكی 30 تا 40 گرام شەكری لە ناودایە، بەردەوام خواردنەوەی دەبێتە هۆی زیادبوونی شەكر لە جەستە و بەرگری ئەنسۆلین بۆ شەكر لەناو دەبات و ئەگەری تووشبوون بە شەكرەی جۆری دوو زۆر بەهێز دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د