ئەمڕۆ چوارشەم دوا ڕۆژە و سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكشێنەوە، ئەم كشانەوەیش بووەتە جێی دڵخۆشی لای میلیشیاكان و ئێران و بە سەركەوتن ناوی دەبەن، بەڵام ئەمەریكا تا ئێستەیش بەسەر عێراق زاڵە، چونكە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە بە تەواوی لە ژێر دەستی واشنتندایە.
كاتێك داهاتی تەواوی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە ژێر دەستی ئەمەریكا بێت، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كە واشنتن تا ئێستەیش هەژموونی تەواوی بەسەر سەرجەم كاروبارەكانی وڵاتەكەوەیە و دەتوانێ كاریگەریی تەواو لەسەر هاوسەنگی ناوچەكە و هاوكێشەكانی پێوەست بە ئێران بەسەر بەغدا بسەپێنێت.
كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە 2003ەوە بە جۆرێك بڕیاری لێ درا، كە تەواوی داهاتەكە بخرێنە سەر هەژمارێكی بانكی فیدراڵی ئەمەریكا لە نیویۆرك، لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا سندووقێك بە ناوی سندووقی گەشەپێدانی عێراق بوونی هەیە و سەرجەم داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەی دەخرێتە ناو و دووبارە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەكە بەكار دەهێنرێت.
ئەم كارە لە دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی دیكتاتۆر سەدام حوسێن جێگیر كرا، ئامانجی دانانی ئەو سندووقە پاراستنی داهاتی نەوتی عێراق بوو، بۆ ڕێگرتن لە داوا و سكاڵا یاساییەكانی وڵاتان بۆ قەرەبووكردنەوەیان لەلایەن عێراقەوە بەرانبەر بەو كارانەی لە سەردەمی سەدام حوسێن لە دژیاندا ئەنجام دراوە.
جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆكی ئەوكاتی عێراق، فەرمانێكی جێبەجێكاری بۆ ئەو كارە واژوو كرد و دەست بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆسەیە كرا، هەموو سەرۆكەكانی دوای ئەمیش، ئەو فەرمانەیان دووبارە خستەوە كار و پارەكانی نەوتی فرۆشراوی عێراق، لەو ڕێگەیەوە دەچنە ناوو سندووقی گەشەپێدانی عێراق كە پێوەست كراوە بە هەژمارەكانی بانكی ناوەندی عێراق لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا، ئەو دۆخەیش تا ئێستە بەردەوامی هەیە.
بەهۆی ئەوەی نەوت و داهاتەكەی تاكە سەرچاوەی سەرەكیی بودجە و پێویستییەكانی عێراق و دەستەبەركردنی پارەیە بۆ وڵات و زیاتر لە 90%ی داهاتی عێراق لە ڕێگەی نەوتەوەیە، بۆیە بەغدا بەردەوام پێویستی بە واشنتنە تا پارەی نەوتی فرۆشراوی بۆ ڕەوانە بكاتەوە، لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی داهاتی نەوت بۆ بەغدا، حكوومەتی عێراق بە تەواوی مایەپووچ دەبێ و رووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی دارایی دەبێتەوە، ئارامیی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی وڵات بە تەواوی تێكدەچێت.
كاتێك لە 2020 لە ژێر گوشاری میلیشیاكان و ئێران، حكوومەتی عێراق داوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكای لە وڵات كرد، واشنتن هەڕەشەی توندی لە بەغدا كرد كە چیتر پارەی نەوت بۆ وڵاتەكە ڕەوانە ناكات، ئەمەیش وای لە بەغدا كرد دەسبەجێ پاشەكشە لەو داوایە بكات و پەشیمان ببێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی عێراق زۆر لە ماف و كاروبارە دارایی و ئابوورییەكانی لە ساڵانی ڕابردوو خستەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، بەڵام داهاتی نەوتی فرۆشراو تا ئێستەیش لە نیویۆرك و لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكایە و لە ژێر دەستی ڕاستەوخۆی بەغدا نییە، بەمشێوەیەیش پێوەندیی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە بەردەوامی دەبێت و واشنتن گەورەترین هەژموونی بەسەر ئابووری عێراق هەیە، تەنانەت دوای دەرچوونی هێزەكانیشی لە عێراق، سەروەری و سەربەخۆیی ئابووری عێراق هەر لە ژێر دەستی ئەمەریكا ماوەتەوە.
بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بۆ "
ڕۆیتەرز" كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێ، لەبارەی مانەوەی ئەو دۆسیە وەك خۆی و ڕادەستنەكردنەوەی ڕاستەوخۆی داهاتی نەوت بە عێراق و بەردەوامی ڕەوانەكردنی بۆ بانكی فیدراڵی ئەمەریكا دەڵێن، مانەوەی پارەی داهاتی نەوت لە ئەمەریكا یارمەتی سیستمی ئابووری عێراق دەدات، دەبێتە هۆی جێگیركردنی ئاسایشی دارایی وڵات و داهاتی گشتیی دەوڵەت بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە.
ئاماژەیان داوە، ئەم پرۆسەیە متمانەی نێودەوڵەتی بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی داهاتی نەوت دروست كردووە و ئاسانكاری كردووە تا دەست بە بڕێكی زۆری دۆلار بگات، كە لە بازرگانی و هاوردەكردن وەك دراوی سەرەكی مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەهەمانشێوە داهاتەكانی پاراستووە لە داوای وڵاتانی تر و لە شۆكی دارایی و تەنگژەی داراییش عێراقی پاراستووە.
لە ڕێی ئەو ڕێكارانەوە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو متمانەی لە بازاڕ و ئابووری عێراق دروست كردووە، بەهەمانشێوە دامەزراوە دارایی و لۆكاڵییەكانیش سەروەری ئابووری خۆیان پاراستووە. ئەمە جیا لەوەی ئەو ڕێوشوێنە بووەتە بەربەستێك لە بەردەم میلیشیاكان كە بەردەوام بە دوای دۆلارەوەن، تا بیكڕن و ڕەوانەی ئێرانی بكەن، تا لەم ڕێگەیەوە گوشار و سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران كەم بكەنەوە.
تا ئێستە و لە داهاتوویشدا پێشبینی دەكرێ، دۆخی داهاتی نەوتی عێراق بەمشێوەیە دەمێنێتەوە و ئەمەریكا ئامادە نییە بە ئاسانی دەسبەرداری ئەو بابەتە ببێت، چونكە ئەمە لە بوونی هێزی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق گرنگترە، كاتێك واشنتن داهاتی نەوتی عێراق لە ژێر دەستەوە بێت، وەك ئەوەیە دڵی ئەو وڵاتە لە بندەستی ئەمەریكاوە بێت.