رێبەری ڕەوتی سەدر رای گەیاند، بەكۆتاهاتنی سەردەمی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، دەستبەجێ لیوای یوم مەوعوود هەڵدەوەشێنینەوە.
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ 30ی ئەیلوول كە هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و راگەیەندنی سەروەریی عێراق، پەیامێكی بڵاو كردەوە.
لە بەشێكی پەیامەكەیدا موقتەدا سەدر هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی لیوا یوم مەوعوود و گۆڕینی سوپای ئیمام مەهدی، بۆ دامەزراوەی "لایەنگرانی ئیمام مەهدی" راگەیاند.
لیوای یوم مەوعوود لە ساڵی 2008 لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ دژایەتیكردنی سوپای ئەمەریكا دروست كرا، بەتەواوكراوی سوپای مەهدی دادەنرێت كە لە ساڵی 2007وە چالاكییەكانی هەڵپەسێردراوە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوا دەكات سوپای ئەمەریكا، قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانە بكاتەوە كە بەهۆی داگیركارییەكەیەوە لە عێراق كەوتوون، هەروەك داوا دەكات هەمووان سكاڵای یاسایی لەوبارەیەوە تۆمار بكەن.
موقتەدا سەدر لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، هۆشداری بە ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ دەدات لە دەستوەردانیان لە كاروباری عێراق و دەڵێت، ڕەفتار و هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پچڕاندنی پێوەندییەكان.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕووی دەمی دەكاتە گرووپە چەكدارەكان و داوا دەكات، لەگەڵ كۆتاهاتنی داگیركاری ئیتر چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت بەجۆرێك ببێتە جێی ڕەزامەندی گەل و مەرجەعییەت.
ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە چیتر سەركردە سیاسییەكان بەردەوام نەبن و دەستبەجێ واز لە كاری سیاسی بهێنن، دەرگا لە بەردەم دەموچاوی نوێدا واڵا بكەن ئەمەش لە پێناو كۆتاهێنان بەگەندەڵی و كاركردن بۆ چاكسازی.